ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکن بەرێوەبری کاناڵی تێلێگرامی "دەنگی خانێ"یان دەسبەسەر و دواتر ناوبراویان ناچار کرد ئەو کاناڵە بسڕێتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەر، "محەممەد خرەد" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار و بەرێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی "دەنگی خانێ" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر دەسبەسەر و دواتر ناوبراویان ناچار بە سڕینەوەی ئەو کاناڵە کرد.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی "دەنگی خانێ" بە هۆی ڕووماڵکردنی کەموکوڕییەکانی شاری پیرانشار و ڕەخنەگرتن لە نوێنەری ئەو شارە لە مەجلیسی ئێران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار پاش سڕینەوەی کاناڵی تێلێگرامی "دەنگی خانێ"، کاناڵێکیان لە ژێر ناوی "دەنگی ئینقلابی ئیسلامیی" ڕیکخستووە و محەممەد خرەدیان ناچار بە بەڕێوەبەری ئەو کاناڵە کردووە.
کاناڵی تێلێگرامی "دەنگی خانێ" دوو ساڵ پێش وەرێخراوە، کە لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار سڕدرایەوە و چالاکییەکانی خۆی لە بواری هەواڵەوە لەو کاناڵە ڕاگرتووە.





