ئاژانسی کوردپا: به‌ بەشداریی فەرهه‌نگنووسێکی مه‌هابادی، زانکۆیه‌کی بریتانیا ئاوڕی له بەرهەمە کوردییە فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایه‌وە.

ڕۆژی دووشەممە ‌‌٢٥ی خەرمانانی ٩٧ی لە زانستگای ئێگزێتێری وڵاتی بریتانیا کارگرووپێک بە پشتیوانی ماڵیی زانستگا و ناوەندی کەلەپووری ئێران، لەژێر ناوی "بەرهەمە کوردییە فەرهەنگییەکان لە ئێران، ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو" کۆڕێک بەڕێوە چوو.

ناوەندی کەلەپووری ئێران کە بنکەکەی لە بریتانیایە، سەرپەرەستی و پشتیوانی ماڵیی ئەو لێکۆڵینەوە و کارگرووپانە دەکات، کە پێوەندیی دوور و نزیکیان بە ئێرانەوە هەیە. بەشداربووانی ئەم کارگرووپە و بەگشتی خوێندکار و لێکۆڵەری بواری مێژوو، بابەت و خوێندنەوە فەرهەنگییەکان، کوردناسی و ئێرانناسی بوون.

لێکۆڵەرەکان لە وڵاتانی بریتانیا، لەهستان( پۆڵۆنیا)، ئوستڕاڵیا، تورکیە و ئێرانەوە بەشدار بوون. تەوەرەکان لە چەند پەنێلی جیاوازدا کەوتنە بەرباس. پەنێلێکیان بۆ زمان کوردی تەرخان کرابوو و لە پەنێلی "زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ئێران" چوار کەس بەشدار‌ بوون. هەر لەو پەنێلەدا قسە لەسەر "دۆخی زمانی کوردی لە ئێران" کرا و دەرفەت و ئاستەنگەکانیان خستە بەرباس.

دوابەدوای ئەوەش ئاوڕیان لە تەنزی کۆمەڵایەتی و هەجو لە ئەدەبیاتی کوردی دایەوە. لە بەشێکی دیکەی پەنێلەکەدا "ئەدەبیاتی کوردیی تاراوگە" واتا ئەو کوردانەی بە ئینگلیزی دەنووسن، خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

تەوەرێکی دیکەی ئەم پەنێلە "نەریتی حوجرە و خانەقا لە ئەدەبیاتـ"ـ‌دا بوو.

"سینەمای کوردی لە ئێرانـ"ـیش پەنێلێکی دیکەی کارگرووپەکە بوو و پەنێلی کوتاییش لەژێر ناوی " زیندووبوونەوەی فەرهەنگی کوردی لە ئێراندا" بوو، کە توێژەر و فەرهەنگنووس سەلاح پایانیانی بە سکایپ بەشدار بوو و بە تێروتەسەلی باسی شێوازی کار (مێتۆدی لێکۆڵینەوە)، ئاستەنگ و لایەنە جۆراوجۆرەکانی کاری "فەرهەنگی زارەکیی موکریانـ"ـی کرد و سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا و پاشان بە وردی وڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.

پەنێلێکی دیکەی ئەم کارگرووپە باسی "مۆسیقای یارسان" بوو کە ئارەش مورادی وەکوو شارەزای ئەم بەشە بۆ ئامادەبووان دوا.

بەشێکی تری پەنێلەکە باسی "مەسەل و مەتەڵی ناوچەی تیلەکۆی سەقز" بوو. بڕگەی کۆتاییی کاری کارگرووپەکە بۆ موسیقیی یارسان تەرخان کرابوو.