ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لە دادسەراری گشتیی شاری مەهاباد و ئینقلابیی ورمێ بە ٥ ساڵ و ٧ مانگ زیندانیی تەعزیزی، ١٥ ساڵ بێبەشکران لە چالاکییە مەدەنییەکان و ٤٠ زەربە شەلاق مەحکووم کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەسەن "ئاکۆ" عەبدوڵڵا زادە" خەڵکی شاری "گۆگتەپە" کوڕی ڕەحمان، لە دادسەرای گشتیی و ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندا دژی نیزام، تێکدانی بیروڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی قسە و بابەتی درۆ" موحاکمە کراوە.
بەپێی ئەو حوکمە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە دەرکراوە، ناوبراو بە هۆی تێکدانی بیروڕای گشتی به ٧ مانگ زیندان زیندان،
پڕۆپاگەندا دژی نیزام بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، ١٥ ساڵ بێبەشکران لە چالاکییە مەدەنییەکان و بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ و ناڕاست بە ٤٠ زەربە شەلاق مەحکووم کراوە.
ئەو حوکمە بە شێوەی حزووری بووە و هەتا ٢٠ ڕۆژ دوای دەرچوونی ئەو حوکمە لە دادگاکانی پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، دەتوانرێت ناڕەزایەتی لەسەر بدرێت.






