ئاژانسی کوردپا: پیشانگای وێنەی ژنانی کوردی وێنەگر، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و هۆگرانی هونەری وێنەگرتن لە گالریی "سیمرغ"ی بۆکان کرایەوە.
ئەم پێشانگایە لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ کرایەوە و هەتا ٢٩ی ئەم مانگە کراوە دەبێت.
بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پیشانگاکان وتی: "ئەمە دووهەمین پیشانگای گرووپیی وێنەی ژنانی کوردە کە یەکەم جار لە شاری سنەدا بەڕێوە چوو و ئەم جارە لە گالریی "سیمرغ" لە شاری بۆکاندا بەڕێوە دەچێت".
ناوبوا ڕایگەیاند: "لەم پیشانگایەدا ٣٩ بەرهەم لە ٢٥ی وێنەگری ژن لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشاندا کە بابەتی وێنەکانی ژنان دەکەوێتە بەر دیدی خوازیاران و بەرهەمەکانی ئەم پیشانگایە لە ٢٣ی پووشپەڕەوە هەتا ٢٩ی پووشپەڕ کراوە دەبێت".
بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیر شادی ئیسلامیی بۆکان لە پەراوێزی کرانەوەی ئەم پیشانگایەدا لە پرێسکۆنفرانسێکدا وتی: "ئەمڕۆ بەپێچەوانەی ڕابردوو هونەری وێنەگرتن شێوەیەکی سادەتری گرتووە و کە ئەمە بە هۆی پێشکەوتنی کامێراکانی وێنەگرتنەوەیە، بەڵام دەبێت بزانرێت کە بەهەمان شێوە هونەری وێنەگرتن زۆر هەستیارتر و ئاڵۆزتر بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هونەری وێنەگرتن تێکەڵەیەکە لە هونەر و پیشە و دەبێت زیاتر گرینگی بە لایەنە هونەرییەکەی بدرێت".
ئەحمەدی لە درێژەدا وتی: "پیشانگای وێنەی ژنانی کورد لایەنی لێكچووی لەگەڵ پیشانگای وێنەگرانی پیاو نییە، بەڵکوو دەرخەری تێڕوانینێکی تایبەتیی ژنێكی کورده بە بابەتەکانی ڕۆژ، جیهانبینی، جۆری بیرکردنەوە و ئەزموونە بەنرخەکانیانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا".
ناوبراوی جەختی کردووە: "پیشانگای وێنەگرانی ژنانی کورد نیشاندەری میراتی فەرهەنگیی هاوبەش لە کۆمەڵگایەکی خاوەن بیر و دەگمەنە و نیشاندەری جیهانبینی ژنی هونەرمەندی کوردە بە بابەتاکانی کۆمەڵایەتی و چالشەکانی کە هەن".












