ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا دوو حاڵەتی هەڵەی پزیشکی لەشاری سەقز رووی داوە و تێیدا لاوێکی کورد گیانی لەدەست داوە و ژنێکیش لە ئەنجامی نەشتەرگەریی و کەمتەرخەمی پزیشکەوە باری تەندروستی تێکچووە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٤ ساڵەی کورد سەردانی پزیشکی تایبەتی نەخۆشخانەی سەقزی کردووە و ئەو پزیشکەش لە بڕی خستنە ژێر چاودێری پزیشکی، تەنیا دەوا و دەرمانی هێورکەرەوەی بۆ نووسیوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ئازاری دڵی هەبووە بۆ خۆی داوای خستنە ژێر چاودێری پزیشکی دەکات و هەر لەو ناوندە دەرمانییە تووشی راوەستانی دڵ دەبێت و کۆتایی بە ژیانی دێت.
بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە پزیشکی نەخۆشخانەکە بە هۆکاری گیان لەدەست دانی کوڕەکەیان دەزانن و لەو باوەڕەدان کە کەمترخەمی پزیشک و پێرسۆنێلی نەخۆشخانە گیانی رۆڵەکەیانی ئەستاندووە.
لە لایەکی دیکەوە هەر لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ژنێکی دووگیان لەلایەن کارناس و شارەزایەکی "مامای"یەوە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و نەشتەرگەرییەکە دەبێت هۆی کون بوونی ڕەحم و ریخۆڵەی نەخۆشەکە.
ئەو ژنە پاش ئەوەی نەشتەرگەری بۆ کراوە باری تەندروستی تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەقز کراوە و ئەو پزیشکەی کە نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجام داوە کارەکەی خۆی بە هەڵە نەزانیوە و خەتاکەی خستووەتە سەر ئەو دەرمانانەی کە ژنەکە بۆ خۆی بەکاری هێناوە.
لەو بارەیەوە دکتور غەوسی بەڕێوەبەریی ئیدارەی تەندروستی سەقز وێڕای داننانی بە هەڵە و کەمتەر خەمی پزیشکی باسی لەوەش کردووە، دۆسیەی ئەو دوو قوربانییە لە حاڵی تاوتوێ کردن دایە.





