ئاژانسی کوردپا: بانگهێشت کردنە بەردەوامەکانی باوکی چالاکێکی فەرهەنگی کورد لە شاری سنە بۆ ناوەندە ئەمنییەتیەکان، باری دەروونی و جسمی رووی لە خراب بوون کردوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار،چەند رۆژ پێش، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، حەبیباڵا گۆڵکار باوکی چالاکێکی فەرهەنگی کوردبانگهێشتی ئیدارە ئیتلاعات کردوە بۆ هاوکاری کردن و هێنانەوەی کوڕەکەی کە لە دەرەوەی ئێران ژیان بەسەر دەبات.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی گۆڵکار بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپای راگەیاندوە، لە دواین بانگهێشت کردنی حەبیباڵا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لەلایەن لێکۆڵەرەوەکانی ئەو ئیدرایەوە تووشی بێ رێزی و هەڵسوکەوتی نەشیاو دەبێت و دۆخی دەروونی تێکدەچیت و بۆ نەخوشخانەی ئەو شارە دەگواسرێتەوە.
حەبیباڵا گۆڵکار نەخۆشی دڵی هەیە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بە هۆی بانگهێشت کردنە بەردەوامەکان و فشاری دەروونی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شار سنەوە دۆخی تەندروستی بەرەو خراب بوون دەڕوات.
شۆڕش گۆڵکار کوڕی حەبیباڵا، دوای چەند ساڵ لە زیندان و تێپەڕاندنی حوکمی قەزای و لە ژێر فشاری ناوەندە ئەمنیەتیەکاندا زێدی خۆی جێ بێڵێت.

پێشتر، خانووی نێشتەجێ بوونی بنەماڵەی گۆڵکار بۆ گەراندنەوەی کوڕەکەیان لەلایەن دەزگاکانی قەزای و ئەمنیەتییەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، بە دانی بارمتە وبەشێوەی کاتی ئازاد کراو سەر لە نوی دەستی بەسەر داگیراوە.
خانووی بنەماڵەی گۆڵکار تەنیا بە هۆی پەروەندەی بەزاندنی سنوورەوە لەلایەن دەزگای قەزایەوە دەستی بەسەر دا گیرابوو.
بنەماڵەی گۆڵکار بۆ ئەوەی خانووەکەیان لەدەست نەدەن بە ناچاری وامێکی ٥٠ میلیون تمەنی لە بانگ وەردەگرن.





