ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە مەرگی گوماناوی ژنێک لە ناوچەی ورمێ و خۆکوژی کچێکی قوتابی و هەروەها جێهێشتنی بەناچاری چالاکێکی فەرهەنگی و ٢١حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە جێبە جی کردنی سزای لە سیدارەدان بۆ ژنی زیندانی لە زیندانی قزل حساری کەرەج و گواستەنەوی ژنێکی دیکە بۆ ژورە تاکەکەسیەکان بە مەبەستی جێبە جێ کردنی سزای ئیعدام لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.

حەفتەی یەکەمی مانگی گەلاوێژی١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

گیان لەدەست دانی گوماناوی ژنێک لە ناوچەی ورمێ

لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان رێژەی ئەو ژن و کچانەی کەبە هۆکاری ناروون و بە شێوەیێکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە دەگاتە ٤ کەس.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی یەکشەمە ٤ی گەلاوێژ، ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵ بە ناوی "ه.پ" بە زەبری دوو گوللەی دەمانچە گیانی لەدەست دەدات و تا ئێستاش هۆکاری کوشتنەکەی لە لایەن کەسێکەوە یا هەوڵی خۆکوژی ئەو ژنە ناروونە.

ناوبراو دایکی ٥ منداڵە و دەوترێت کە لە سەرەتای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشەوە لە گەڵ هاوسەرەکەی کێشەیان هەبووە.

هەروەها تەرمی ئەو ژنە بۆ پشکنینی پزیشکی رادەستی پزیشکی دادوەریی کراوە و تا رون کردنەوەی ئەو رووداوە هاوسەری ئەو ژنە لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان راگیراوە.

خۆ کوژی کچە قوتابی شاری کرماشان

بەدوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکاری کونکور بەهۆی دەرنە چوون بۆ زانکۆ دو کچی کورد تا ئێستا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە، دوابەداوی راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامی تاقیکارییەکانی کونکوری سەرتاسەری لە ئێران، کچە قوتابییەکی کورد خەڵکی ئوستانی کرماشان بەهۆ ی دەرنەچوون لەو تاقیکاریەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شووناسی ئەو کچە قوتابییە کوردەبە ناوی "ن.م" دانیشتووی شارەکی پەڕدیسی کرماشان راگێنراوە.

هەر لەو پەیوەندیەدا لە رۆژانی رابردو کچە قوتابی خەڵکی شاری بۆکانیش بە هۆی دەرنەچوون لەو تاقیکاریانە دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەر ساڵ بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە دەرنەچوون لە کونکوری سەرتاسەری لە ئێراندا و هەستیاری زۆر لە نێو قوتابیاندا دەبێتە هۆی خەمۆکی و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خۆکوژی لە نێو قوتابیاندا بە داوی خۆی دێنیت.

چالاکێکی فەرهەنگی کورد بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت

گەلاوێژ ئەیووبی لە ژێر فشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو شارە، زێدی خۆی بە جێهێشت.

بەپێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە، مامۆستایەکی ژن لە " هونەرستانی افرینش" بەناوی گەلاوێژ ئەیووبی لەئەنجامی بانگهێشتکردنە بەردەوامەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و فشاری ئەو ناوەندە بۆ سەری بە ناچاری ئێرانی بە جێهێشتووە و پەرتەوازەی هەندەران بووە.

گەلاوێژ ئەیووبی دەڵێ، هێنانە بەرباسی کێشەی تیڕۆریزم و روونکردنەوە سەبارەت بە شۆڕشی کوردەکان بە مەبەستی بەدەست هێنانی مافی نەتەوەییان بۆ قوتابییەکان لەو هۆکارانە بوون کە فشارم خرابوویە سەر.

ئەو ژنە چالاکە فەرهەنگییە لە درێژەدا باسی لەوەش کرد، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە شێوەی بەردەوام لەرێگەی تەلەفوونەوە کورتەنامەی هەڕەشە ئامێزیان بۆ دەناردم.

گەڵاوێژ ئەیووبی کە ئەندامی ئەنجومەنی" ئاویەر پارێز"ـە و لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستاندا چالاکی هەبووە، ئاشکراشی کرد، فشاری هێزە ئەمنیەتییەکان بووە هۆی ئەوەی لە ترسی گیانم و دەستبەسەر کردنم ئێران بەجێ بهێڵم.

گەلاوێژ ئەیووبی هاوکات ئەندازیاری مێعماری و ئەندامی ناوەندی داهێنەرانی ئێرانە.

ئێران

لە سێدارەدانی دو ژنی زیندانی

شەپۆلی لە سێ دارەدانی زیندانیان لە زیندانە کانی ئێران لە ماوەی حەوتەی رابردودا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسی دار.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو کراونەتەوە، رۆژی سێ شەممە 6ی گەلاوێژ، دو ژنی زیندانی لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بۆ جێبەجێ کردنی سزای لە سێ دارەدان رەوانەی ژورە تاکە کەسیەکان کرابون.

ئەو دو ژنە بە تاوانی هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣تا ٤ساڵ لە زیندانی قەرچەکی وەرامین راگیرابوون.

شوناسی ئەو دوکەسە بە ناوەکانی پەریدوخت مەولایی فەر ٤٣ساڵآن و دایکی منداڵێکە و هەروەها رەحیمە رەحیمی تەمەن ٥٠ ساڵانە کە بۆ ماوەی ٤ساڵە لەو زیندانە راگیراوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ ئەو سزا بۆ پەریدوخت مەولایی لە زیندانی قزل حساری کەرەج جێبە جێ کراوە و تا ئێستا لە بارودۆخی رەحیمە رەحیمی هیچ هەواڵیک لەبەردەست دا نیە.

ئامادەکار : شاهۆ

سەرچاوەکان:

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٣حاڵەت)

ماڵپەری " چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی بۆ ئێران " (١حاڵەت)