ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٧ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە بریندار کردنی ٤ ژن لە بۆکان لە رێگای تێزاب پرژاندن بەرویانا و مەرگی گوماناوی ژنێک لە مەهاباد و کوشتنی ژنێک بە دەستی هاوسەرەکەی لە ورمێ و پێشگرتن بە ناشتنی تەرمی ژنێکی بەهایی لە گۆڕستانی شاری سنەو ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتییە لە مەحکووم کرانی مریەم سادات یەحیەوی بە ٩ ساڵ زیندان و ئازادکردنی حەکیمە شوکری لە زیندانی ئێڤین لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.
حەفتەی چوارەمی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی
کوردستـــــــــــان
لە شاری بۆکان تێزاب بە ٤ ژن دا دەکرێت

بۆ چەندەمین جار لە ئێران لە ژێر سایەی بێ دەنگی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، تێزاب بەسەر ژنان و کچاندا دەکرێت.
بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە، کاتژمێر ١١ی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە سێ رووداوی جیادا، ٤ ژن و کچی دانیشتووی بۆکان بە هۆی پرژاندنی تێزابەوە بووونە ئامانجی چەند کەسێک.
شووناسی ئەو ٤ کەسە سوێسنە ئیسماعیل نژاد، تروسکە مەردان بەیگی، سورەیا کەیخوسرەوی و کچەکەی بەناوی نادیا مەعرووفی راگێندراوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا کەسێک بەناوی "سالار محەممەد عومەری" لەلایەن هێزە ئینتزامیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە کە رایگەیاندووە بەهۆی خواردنی حەبەوە هۆشم لەسەر خۆم نەبووە.
ناوبراو تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی مەجبوورئاوای شاری بۆکانە.
کوژرانی ژنێک بەدەستی هاوسەرەکەی

ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە زەبری چەکی تاپر دەکوژرێت.
بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو کراونەتەوە، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی ناوچەی مەڕگەوەری ورمێ بە چەکی تاپڕ بەدەستی هاوسەرەکەی تەقەی لێ دەکرێت و دەکوژرێت.
ئەو ژنە دایکی مندالێکی سێ ساڵان بووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بە کێشەی خێزانی نێوان ئەو ژن و مێردە دەکەن کە پێشتریش لەنێوانیاندا هەبووە.
بکوژی ئەو ژنە بە ناسنامەی "ج-چ" دوای ئەنجام دانی ئەو تاوانە، کچەکەی خۆی هەلدەگرێت و دەگوترێت کە کوردستانی ئێرانی بە جێهێشتوە.
بە پێی ئاماری ناوەندی ئاماری هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای مانگی پووشپەرەوە، رێژەی ئەو ژنانە کە بەدەستی کەسوکاریانەوە کۆتایی بە ژیانیان دێت دەگاتە ٩ کەس.
گیان لەدەست دانی گوماناوی ژنێک لە مەهاباد

دوای ئەوەی کە مەرگی فەریناز خوسرەوانی لە نێو دەریایێک پرسیاری بێ وڵام دا ماوەتەوە، ژنێکی دیکە لە مەهاباد بە هۆکاری ناروون گیانی لەدەست دەدات.
بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو کراونەتەوە، رۆژی دوشەممە ١٥ی پووشپەر، ژنێکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی لەیلا موحەممەدچوکەڵی، بە هۆکاری نادیار دەستی داوەتە خۆکوژی و گیانی لەدەست داوە.
دوای بە دواداچونەکان دەردەکەوێت کە هۆکاری مەرگی ئەو ژنە خۆکۆژی نیەو تەرمەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی پزیشکی زیاتر بۆ پزیشکی یاسایی شاری ورمێ دەگووازرێتەوە.
سەرچاوەکان باس لە کوژرانی لەیلا موحەممەد چوکەڵی بەدەستی هاوسەرەکەی دەکەن.
شایانی ئاماژەیە کە هاوسەری ناوبراو، بە ناوی داوود زاهیری لێکۆڵەری یاسایی لقی ٢ی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی مهابادە.
تەرمی هاوشاریێکی بەهایی دوای ٢ رۆژ پاش مەرگی نەنێژراوە

تەرمی ژنێکی بەهایی لەشاری سنە پاش دوو رۆژ مۆڵەتی ناشتنی لە گۆڕستانی ئەو شارە پێدرا.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێ شممە ٢٣ی پووشپەر، دوای ئەوەی کە ٢ رۆژ بەسەر فەوتی "باجی خانم موحەممەدی " کە هاوشارێیکی بەهایی دانیشتووی شاری سنەیە، تێپەردەبێت ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامیەکانەوە ئیجازەی نێژرانی تەرمەکەیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.
ناوەندە پەیوەندی دارەکان بە بنەماڵەی ناوبراویان راگەیندوە لە بە هیچ جۆرێک، مافی نێژرانی ئەو تەرمەیان لە گۆڕستانی " گولستانی جاوید"دا نیە وە لەو پەیوەندیەشدا کوری باجی خانم رایگەیاندووە کە ئەگەر ئیجازەی ئەسپێردە کردنیان پێ نەدرێ تەرمی دایکی دەباتە ئۆستانداری ئەو شارە.
جێگای ئاماژەیە کە قەبرستانی " گولستانی جاوید " قەبرستانی تایبەت بە بەهاییەکانی ئەو شارە کە دوای شۆرشی ئێرانەوە ٣ جار وێران کراوە.
ئێران
مەحکووم کرانی ژنێکی رێفۆرم خواز بە ٩ ساڵ زیندان

مریەم سادات یەحیەوی بە تاوانی بەشداری لە کۆبوونەوە و پرۆپاگەندە دژی نیزام بە ٩ ساڵ زیندانی مەحکوم کراوە.
بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو کراونەتەوە، مریەم سادات یەحیەوی یەکێک لە چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە تاوانی هاوکاری بۆ تێکدانی ئەمنیەتی لە لایەن دادگاوە، سزای ٩ ساڵ زیندانی بۆ براوەتەوە.
هەروەها بۆ دادگا بۆ ماوەی ٢ ساڵ مافی ئەندامەتی لە هەر جۆرە رێکخراوێک و مافی چالاکی لە دنیای مەجازیدا لێ زەوت کردووە.
ناوبراو پێشتر و لە رێبەندانی ١٣٨٩ی هەتاوی بۆ ماوەی یەک ساڵ دەستبەسەر و لەدادگای بەراییدا سزای ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕابوویەوە و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ یەک ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە و جێبەجێ کردنی بەهۆی ناجێگیر بوونی دۆخی تەندروستی و لە سەر داوای پزیشکی یاسایی راگیرا.
ئازاد بوونی یەکێک لە ئەندامانی دایکانی پارکی لالە لە زیندان

حەکیمە شوکری دوای تێپەراندنی ٣ ساڵ زیندان ئازاد کرا.
بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاوکراونەتەوە حەکیمە شوکری یەکێک لە بەند کراوانی زیندانی ئێڤین رۆژی دوشەممە ٢٢ی پووشپەر، دوای تێپەر کردنی ماوەی ٣ ساڵ حووکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.
حەکیمە شوکری یەکێک لە ئەندامانی دایکانی پارکی لالەیە کە لە ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر و ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١ بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاریی دایکانی پارکی لالە، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.
ئامادە کار: شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٦حاڵەت)
ماڵپەڕی "جەرەس"(١حاڵەت)
ماڵپەری " هێرانا" (٢حاڵەت)





