ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی شەوی رابردوو لەشاری بۆکان تێزاب بە چەند ژن و کچدا کرا، ئاژانسی کوردپا لەبەدواداچوونێکدا زانیاری لەسەر شوناس و رێژەی قوربانییەکان بەدەست هێناوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێ شەممە لەسەر چوارشەممە کاتژمێر ١١ی شەو چوار هاووڵاتیی بوونە قوربانی پژاندنی تێزاب و بە توندی بریندار بوون.
لەو بارەیەوە هەواڵنیری کوردپا لەشاری بۆکان بەدواداچوونی بۆ ئەو رووداوە کردووە و بەم شێوەیە باسی لەرووداوی پژاندنی تێزابەکە کرد، "چوار کچ و ژنی کورد کە سەرقاڵی پیاسە و قەدەم لێدان بوون لەسێ رێیانی سەنگینی شاری بۆکان لەلایەن سەرنشینانی پرایدێکەوە تێزابیان پێدا کراوە".

هەواڵنیری کوردپا باسی لەوەش کرد، یەکێک لەقوربانییەکان ناوی "سوێسنە ئیسماعیل نژاد" خوێندکاری عومران و بەڕێوەبەری کتێبجانەی "مانگ" بووە.
سەرچاوەکە وتیشی: تێزابەکە بەر پشت و شانی سوێسنە کەوتووە و دەستبەجێ لەلایەن هاووڵاتیانەوە گەیندراوەتە ناوەندە تەندروستییەکان.
لەو رووداوەدا سێ کەسی دیکەش بوون بە قوربانی کە کەسێکیان ژنی شۆڕش فەیزی نژاد کوڕی هونەرمەند رەشید فەیزی نژادە و دوو کچەکەی دیکەش سەر بە بنەماڵەی مەعرووفی و کچی مەحموود مەعرووفین.
ئاژانسی کوردپا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندیی بە عەلی ئیسماعیل نژاد چالاکی سیاسی کورد و برای "سوێسنە"وە کرد، ئەو چالاکە سیاسییە وێڕای پشتراستکردنەوەی هەواڵی پژاندنی تێزاب بەسەر خوشکەکەی و باقی قوربانییەکان وتیشی: ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە پشت ئەو رووداوەوەن.
عەلی ئیسماعیل نژاد ئاشکراشی کرد، "بنەماڵەکەم پێشتریش لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیرانەوە خراونەتە ژێر فشارەوە".
ئیسماعیل نژاد لەو باوەڕەدابوو کە ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا رووی داوە زۆر قەرەباڵغ بووە و کەسانی ئاسایی توانای ئەوەیان نەبووە کە تێزاب بە خەڵکدا بکەن.
دەوترێت کە سەبارەت بەو رووداوە و بکەرانی، ئەمڕۆ سەرلەبەیانی کەسێک کە دراوسێی بنەماڵەی ئیسماعیل نژاد لەشاری بۆکان بووە دەستبەسەر کراوە، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا خۆی لە پشتڕاستکردنەوەی ئەوە دەستگیر کردنە دەبوێری و لەئەگەری دەست خستنی زانیاریی وردتر، هەواڵی تەکمیلی لێ بڵاو دەکاتەوە.
هەواڵی پێوەندیدار:
لەبۆکان سێ ژن تێزابیان پێداکرا + شوناس





