ئاژانسی کوردپا: پاش ئاگرکەوتنەوە لەدارستانەکانی شاری سەردەشت کە لە چوار لاوە رووی دا، هاووڵاتیان گومانیان هەیە و پێیان وایە ئە ئاگرانە بە ئەنقەست روویان داوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا دارستانەکانی شاری سەردەشت لە چوار لاوە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و رووبەریکی زۆر لە داربەڕووەکانی ئەو شارە لە ناوچوون.
دارستانەکانی ناوچەی" شێخ برایم بادام"، دارستانەکانی پشت "پۆمپی بەنزین" و دارستانەکانی دەوروبەری گوندی "کەچەڵ ئاوا" ئەو شوێنانە بوون کە ئاگرکەوتنەکە تێیدا روویداوە.
ئاگرگرتنی دارستانەکانی شاری سەردەشت بە هەوڵی خەڵک، چالاکانی مەدەنی و ژێنگەپارێزییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
دانیشتوانی ئەو ناوچەیە باوەڕییان وایە کە ئەو شوێنانە بە ئەنقەست دەسووتێندرێن و داوا لە بەرپەرسانی پێوەندیدار دەکەن کە پێش بەو کارانە بگرن و بکەرانی ئەو رووداوانەش بە سزای خۆیان بگەیەنن.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێشەممەی حەفتەی رابردووش زیاتر لە ٨ هێکتار لە دارستانەکانی " مەجەسە و بلوە" شاری بانە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتبوو.





