ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتیە لەکوژرانی دو ژنی کورد لەشارەکانی سەقز و کامیاران و خۆکوژی کچێکی خوێندکار لەشاری پیرانشار و ١حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەر کردنی زیبا پوور حەبیب بەمەبەستی تێپەراندنی ماوەی حوکمەکەی و گوشارخستنەسەر ژنە زیندانی بەسمە جەبوری لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.

تێبینی: راپۆرتی بەرموور بەهۆی کاری تایبەتی یەکێک لە هاوکارانی ئاژانسی کوردپاوە، بۆ ماوەی ١ مانگ راگیرابوو و لەمەوبەدوا بەشێوەیەکی بەردەوام بڵاو دەکرێتەوە.

حەفتەی دووهەمی مانگی پووشپەڕی١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

دو ژنی کورد لە شارەکانی سەقز و کامیاران دەبنە قوربانی

بە کوژرانی ٢ ژنی کورد بە دەستی براکانیان لەشاری سەقز و کامیاران، ئاماری کوشتنی ژنان و کچانی کورد لەکوردستان کە بەدەستی بنەماڵەکانیان کوژراون گەیشتە ٦ کەس.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێ‌شەممە ٢ی پووشپەڕ، لەشاری سەقز ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی "ژیان" بەدەستی براکەی(سەعدی) کوژرا.

دەوترێت بکوژەکە، دوای بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کە بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی دەروونی، بەشێوەیێکی هۆڤانە دەستی داوەتە کۆشتنی خوشکەکەی. ئەمە لەحالێک دا رووی داوە کە هاوسەری ژیان لە سەفەر دا بووە.

ژیان دایکی منداڵێکی ساوا بووە.

سەعدی دوایی کوشتنی خوشکەکەی بە چەقۆ، خۆی رادەستی پۆلیسی شاری سەقز کردووە.

هەروەها لە لایێکی دیکەوە، رۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەر، ژنێکی خەڵکی شاری کامیارن بەناوی "ژ" بەدەستی براکەکەی خۆی دەبێتە قوربانی و گیانی لەدەست دەدات.

"ژ" هاوسەری هەبووە و بە بیانووی بەرگری لەنامووس بەدەستی براکەی خۆی کوژراوە.

بە پشت بەستن ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٦ ژن و کچی کورد بەدەستی بنەماڵەکانیانەوە کوژراون.

خۆکوژی کچێک لە پیرانشار

بەهۆی تووش بون بە نەخۆشی خەمۆکی، کچە خوێندکارێکی کورد دەستی دایە خۆکۆژی و لە ئاکام دا بووە هۆی گیان لەدەستانی

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێ‌شەممە ٩ی پووشپەڕ،کچێک بەناوی"کانی ئاگوشی" خەڵکی شاری پیرانشار لە مالی خۆیان لە رێگای خۆهەڵواسینەوە دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیان خۆی هێناوە.

دەوترێت کە کانی ئاگوشی تەمەن ٢٣ ساڵان و خوێندکاری ترمە کۆتاییەکانی زانکۆ بووە کە بە هۆی گوشارو سەختی ژیان تووشی نەخۆشی خەمۆکی ببو.
شایانی باسە کە ناوبراو کچی زندانی سیاسی "محەمەدئەمین ئاگوشی"یە کە لە زیندانی ناوەندی زاهیدان دا راگیراوە.

محەمەد ئەمین ئاگوشی لەلایەن کاربەدەستانی زیندانی زاهیدانەوە لەهەواڵی خۆکوژی کچەکەی ئاگادارکراوەتەوە و هەروەها پێی راگێنراوە کە بۆ وەرگرتنی تەرمی کچەکەی دەبێ سەردانی پزیشکی قانونی شاری پیرانشار بکات.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، تەرمی ئەو کچە رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و هەروەها کاربەدەستانی پزیشکی قانونی بۆ گواستنەوەی تەرمەکە بۆ شاری ورمێ و لێکۆلینەوە لەسەری، داوای ٥ میلیۆن تمەنیان لە بنەماڵەکەی کردووە.

ئێران

مامۆستایەکی عرفانی حەڵقە دەستبەسەرو رەوانەی زیندان کرا

زیبا پوورحەبیب بۆ تێپەراندی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا

لەدرێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتیەکان بۆسەر پێرەوانی عرفانی حەلقە،زیبا پوورحەبیب بۆ تێپەراندی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، رۆژی چوارشەممە 9ی پووشپەڕ، زیبا پوورحەبیب بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراوە و بۆ تێپەراندنی ماوەی دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ئێڤین کراوە.

ناوبراو لەلایەن داگای شۆڕشەوە بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.
زیبا پوورحەبیب مامۆستا و چالاکی عرفانی حەڵقەیەکە ماوەیێک پێش ئێستا لەگەڵ 26 کەس لە هاورێیانی بە تاوانی "بێ رێزی بە پیرۆزیەکان" و "دەستێوەردان لە کاروباری پزیشکی" و هەروەها "خۆاردنەوەی ماڵی نارەوا" دەستبەسەر کران و هەتا ئێستا ٧ کەسیان بۆ تێپەراندنی ماوەی حوکمەکەیان بانگهێشت و ٣ کەسیان رەوانەی زیندان کراون.

بارودۆخی تەندروستی بەسمە جەبوری لە مەترسیدایە

بەسمە جەبوری بۆ جار دووهەم دەچێتە کۆماوە و رەوانەی بیمارستان دەکرێت

ژنە زیندانی عێراقی بەسمە جەبوری،بۆ جاری دووهەم لەدوای مانگرتن لە خواردن توشی نەخۆشی دەبێت و دەچێتە کۆماوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕ،بەسمە جەبوری پاش ٨٢ رۆژ مانگرتن لە خواردن بۆ جار دووهەم دەچێتە کۆماوە و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.

شایانی باسە، سەرەڕای ئەوەی کە پزیشکەکەی هۆشداری گیان لە دەست دانی ئەو زیندانییە دەداتە کاربەدەستانی زیندان،دوای چارەسەری سەرەتایی بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین دەگوازرێتەوە.

ئەو ژنە زیندانییە بەتاوانی "سیخوڕی بۆ وڵاتی عێراق" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ماوەی ٢٦ مانگ لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین راگیراو، بۆ ماوەی ١٩مانگە بۆ زیندانی قەرچەی وەرامین گوازراوەتەوە و لەوێ راگیراوە.

بسمە ئەلجەبووری یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەروەها خاوەنی هۆتێل "ئەلرەشید"ی بەغدا بووە.

ئامادە کار : شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا)٣حاڵەت)
ماڵپەڕی "چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لەئێران"( ١حاڵەت)
ماڵپەری "بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی"(١حاڵەت)