ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە مەرگی دایکێکی سەردەشتی بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشكی و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتییە لە دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی مەسیحی لە کەرەج و ئازادکرانی نوشین خادم دوایی کۆتایی ماوەی سزاکەی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
حەفتەی چوارەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی
کوردستـــــــــــان
کەمتەرخەمی پێرسێنێلی نەخۆشخانەکان لە کوردستان هەروەها قوربانی دەگرێ

کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکی پێرسێنێلی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت مردنی دایکێکی دوو گیانی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوودا، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵی سەردەشتی بەناوی " عیسمەت" لەگەڵ کۆڕپەلە ٩ مانگانەکەی بەهۆی هەڵەی پزیشکی پێرسێنلی نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" ئەو شارە گیانیان لە دەست دا.
ئەو ژنە خەڵکی گوندی " کانی زەردە" بووە کە لە ٣٠ کیلۆمەتری شاری سەردەشت هەڵکەوتووە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی رابردوودا، ١٠ کەس لە کوردستان بەهۆی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکییەوە گیانیان لەدەست داوە، کە ٥ کەسیان دایکانی منداڵەبەر بوون.
ئێران
ژنێکی مەسیحی لە کەرەج دەستبەسەر کرا

لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردن و گوشار بۆ سەر هاووڵاتیانی مەسیحی، ٨ هاوڵاتی پێڕەروی ئەو ئایینە لە کلەرەج دەستبەسەر کران کە یەکێکیان ژن بووە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی ٢١ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێران هیرشیان کردووەتە سەر کڵێسەیەکی شاری کەرەج و ٨ کەسیان دەستبەسەر کردووە.
هینگامە تەقەوی هاوڕێ لەگەڵ ٦ کەسی دیکە بەناوەکانی واهیک. عەباس سەیفزادە، مەهدی عەبدوڵلاهی، سەعید حەیدەری، یاشار قەلەندەری، م . ئیسحاقی، محەممەد قەدیمی و کەسێک کە شووناسی نەزانراوە دەستبەسەر کراون.
هەتا ئێستا هۆ یان هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو ٨ هاوڵاتییە نەزانراوە و هیچ زانیارییەک لە شوێنی راگرتنیان لە بەردەستدا نییە.
نوشین خادم آزاد کرا

نوشین خادم هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی تاران دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرا.
هەروەها رۆژی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕ، نوشین خادم یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی ئانلاینی بەهاییەکانی ئێران، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرا.
نوشین خادم لە مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو لەماوەی ئەو ٤ ساڵەدا لە هەبوونی مافی مرەخەسی بێ بەش بووە.
ئامادە کردن : شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی " کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ" ( ١ حاڵەت )





