ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی شاعیران و چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورد، سمینارێکی تایبەتی لەسەر ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان لەژێر ناوی "تاوتوێ و لێکدانەوەی ئەدەبیاتی منداڵان لە رۆژئاوای ئێران" لە شاری بۆکان بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سمیناری "تاوتوێ و لێکدانەوەی ئەدەبیاتی منداڵان لە رۆژئاوا باکووری رۆژئاوای ئێران" کە بۆ یەکەمین جار بوو لە شاری بۆکان بەڕێوە دەچێت، لەسەر پێشنیاری (مستەفا ئیلخانیزادە)، بەرپرسی کۆڕی فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب لە شاری بۆکان، بەڕێوەچووە.
لەو سمینارەدا، کە چالاکانی فەرهەنگیی کورد لە شارەکانی، مەهاباد، سەقز، بۆکان و سەردەشتەوە بەشدارییان تێدا کردبوو، چەند کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کوردستان، وەکوو (یوونس رەزایی، پرشنگ ئیلخانیزادە، سەلاحەدین خزرنژاد، دیانا مورادیان لە ئیلام، شەرارە ئیلهامی)، بە دوو زمانی کوردی و فارسی، وتاریان لەسەر ئەدەبیاتی منداڵان و خەسارناسیی ئەدەبیاتی منداڵان، پێشکەش کرد.

مستەفا ئیلخانیزادە، لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو سمینارە لەسەر ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە هێندیک شتی وەکوو "رۆڵی زمان و شێوازی دەربڕین لە ئەدەبیاتی منداڵان و میرمنداڵاندا، خەسارناسیی و بەکارهینانی شێوازی ئەدەبیاتی جادوویی بۆ منداڵان، خەساری گەورە ساڵی لە زماندا) لە ئەدەبیاتی منداڵاندا گشتییە، بۆیە ناوی سمینارەکە ناوی "تاوتوێ و لێکدانەوەی ئەدەبیاتی منداڵان لە رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران"ی بۆ دیاری کرا.
بەرپرسی کۆڕی فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب وێڕای ئاماژە کردن بەوەیکە ئەو سمینارە تایبەت بە ئەدبی کوردیی منداڵان بووە، گوتیشی: " بەشداران رەخنەیان لە نەبوونی بودجە و ئیمکانات بۆ کاری فەرهەنگی و ئەدەبیات و پەرەپێدانی ئەدەبیاتی منداڵان گرت و خوازیاری دابین کردنی بودجەی تایبەت بۆ بیاڤی فەرهەنگی وئەدەبی منداڵان بوون".
ئیلخانیزادە سەبارەت بە چالاکیی کۆری فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب لە داهاتوودا، رایگەیاند: "بڕیارە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لەگەڵ چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی گیلەکی، سمینارێکی هاوبەش لە سەر شێعر و کورتە چیرۆکی کوردی و گیلەکی بۆماوەی دوو رۆژ لە شاری بۆکان بەڕێوە ببەین".
ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، هۆکاری بەڕێوەبردنی ئەو سمینارە هاوبەشەی لەگەڵ چالاکانی گیلەکیدا بۆ نزیکایەتیی زمانی کوردی و گیلەکی بە بەراورد لەگەڵ زمانەکانی دیکەی ئێراندا گەڕاندەوە و رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەیکە زمانی کوردی و گیلەکی لە یەک شاخەدان، لە بواری فەرهەنگی، داب و نەریت و میوانداریەتیشەوە ئێجگار لێک نزیکن و لە بواری زمانیشەوە لە یەک شاخەدان".








