ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیە، بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە جێبەجێکرانی سزای زیندانی فەرەحناز میساقیان و دەستبەسەرکران و ئازادکرانی دوو هاووڵاتیی بەهایی بە دانانی بارمتەی قورس، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

حەفتەی چوارەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستــــــــان

ئازەربایجانی رۆژئاوا: تەڵاق بەرەو هەڵکشان و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بەرەو داکشان دەڕوات

بە پشتبەستن بە ئاماری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی ئوستانی ئازەربایجانی ، ساڵی رابردوو ٦ هەزار و ٤١٣ حاڵەتی تەڵاق لە ئاستی ئەو ئوستانەدا تۆمار کراوە کە بە نیسبەت ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە سەدا ١/١٤ هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە

دیاردەی تەڵاق لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرەو هەڵکشان دەڕوات و لەماوەی ساڵی رابردوودا لەبەرانبەر تۆمارکردنی هەر ٥ ژیانی هاوبەش، یەک حاڵەت تەڵاق تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، بە پشتبەستن بە ئاماری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی ئوستانی ئازەربایجانی ، ساڵی رابردوو ٦ هەزار و ٤١٣ حاڵەتی تەڵاق لە ئاستی ئەو ئوستانەدا تۆمار کراوە کە بە نیسبەت ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە سەدا ١/١٤ هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە.

٥ هەزار و ٥٥٠ تەڵاق لە ئاستی شارەکانی ئەو پارێزگەی تۆمار کراوە کە لە سەدا ١٣ هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە و ٨٣٦ حاڵەت لە گوندەکان تۆمار کراوە، کە لە سەدا ٢١/٩ هەڵکشاوە.

هەروەها لەو ماوە دیاریکراوەدا، ٣٥ هەزار و ١٠١ حاڵەت ئاماری هاوسەرگیری تۆمار کراوە کە نیسبەت بە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە سەدا ٥.٥ داکشانی بەخۆیەوە بینیوە.
ئێــــــــــران

حوکمی زیندانیی فەرەحناز میساقیان جێبەجێ کرا

فەرەحناز میساقیان هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی یەزد بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی ناوەندی ئەو شارە ناساند

حوکمی یەک ساڵ زیندانی فەرەحناز میساقیان هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی یەزد جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، فەرەحناز میساقیان هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی یەزد، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی ناوەندی ئەو شارە ناساند.

ئەو هاوڵاتییە بەهاییە، ساڵی رابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری یەزدەوە بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری و یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو حکوم درابوو.

فەرەحناز میساقیان، گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٢٠ هاوڵاتیی دیکەی پەیڕەوی ئایینی بەهایی دەستبەسەر کرا و دواتر سەرجەم ٥٨ ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە، کە ٣٨ ساڵی زیندانی تەعزیری بوو.
دەستبەسەرکرانی ژنێکی بەهایی لەتاران

ئەفسانە یادگار هاووڵاتی بەهایی لە لایەن هێزە ئەمنیتیەکانی ئێران لەشاری تاران دەستبەسەر کرا

لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردن و گوشار بۆ سەر هاووڵاتیانی بەهایی، هاووڵاتییەکی دیکەی بەهایی لەشاری تاران دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنیتیەکانی ئێران لەشاری تاران هەڵیان کوتایە سەر خانووی دوو هاووڵاتیی بەهایی و یەکێکیان بەناوی ئەفسانە یادگار دەستبەسەریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە لەمەڕ هۆ یان هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاوڵاتییە بەهاییە و شوێنی راگیرانی، زانیارییەکی دروست لە بەر دەستدا نییە.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها هێرشیان کردبووە سەر خانووی هاووڵاتییەکی دیکەی پەیڕەوی ئایینی بەهایی بەناوی ژینووس وەسڵی و بەهۆی دوو گیان بوونی ناوبراو، دەستبەسەریان نەکردبوو.
دوو هاووڵاتی بەهایی بەدانانی بارمتەی قورس ئازاد کران

دوو هاووڵاتی بەهایی کە کۆتاییەکانی مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو دەستبەسەر کرابوون بەدانانی بارمتەی قورس لەزیندان ئازاد کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆحیە باقردوخت و مۆنا مێهرابی کە رۆژی سێ‌شەممە ٢٨ی رێبەندانی ساڵی رابردوو لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی شاری تارانەوە دەستبەسەر کرابوون، بەدانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کران.
رۆحیە باقردوخت رۆژی شەممە ٨ی خاکەلێوە و مۆنا مێهرابی رۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە لە زیندان ئازاد کراون.

ئامادە کردن : شاهۆ

سەرچاوەکان:

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی " چالاکانی تاراوگە" ( ٣ حاڵەت )