ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە دۆخی نالەباری بەندی ژنانی زیندانی سنە و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە بانگهێشتکرانی ژنێکی رۆژنامەنووس بۆ وەزارەتی ئیتلاعات و ئازادکرانی نەسیم ئەشرەفی دوایی کۆتایی ماوەی سزاکەی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

حەفتەی سێهەمی مانگی خاکەلێوەی١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

دۆخی نالەباری بەندی ژنانی زیندانی سنە

ژووری بەندكراوانی سیاسی ژن لە بەندی گشتی ژنان جیا نەكراوەتەوە و لە زیندانی شاری سنە تەنیا یەك بەند بۆ ژنان بوونی هەیە

بەندی ژنانی زیندانی سنە سەرەڕای هەبوونی زیاتر لە ١٦ ژن لەو
بەندەدا لە ئیمکاناتی ئاسایشی و تەنانەت مافی هەواخوریش بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، بەندی ژنانی زیندانی سنە لە ئیمکاناتی ئاسایشی بێبەشە و بەندی زیندانیانی سیاسی و زیندانیانی ئاسایی جیا نەکراوەتەوە.

زیندانیانی ئەم بەندە کە زیاتر لە ١٦ زیندانیی تێدا راگیراوە، لە فەزایەکی چووکەدا راگیراون و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کەبەشێکیان تووشی ئەو نەخۆشیانە بن کە بەهۆی کەمی تیشكی خۆرەوە سەر هەڵدەدات.

هەواخۆری ئەو بەندە فەزایەکی نزیک ٥ میترە و زیندانییەکان بە کردەوە لەمافی هەواخۆری بێبەش کراون.
هەروەها لەبەرکردنی چارشێو بۆ ژنانی زیندانی بەندی ژنانی زیندانی سنە زۆرەملییە و هەمووان دەبێ لەسەری بکەن.
ئێــــران

بانگهێشتکرانی ژێکی رۆژنامەنووس بۆ وەزارەتی ئیتلاعات

ئەمیر حوسین موتەقی سەرنووسەری هەواڵدەریی ئیسکانیوز، بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعات و لێپرسینەوەی لێکرا

دوابەدوای ئەوەی سەرنووسەری هەواڵدەریی ئیسکانیوز داوای پەنابەرێتی کرد، یەکێک لە ژنانی هەواڵنێری ئەو هەواڵدەرییە بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعات کرا.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دوابەدوای ئەوەی کە ئەمیر حوسین موتەقی سەرنووسەری هەواڵدەریی ئیسکانیوز، کەبەمەبەستی رووماڵ کردنی وتوێژە ناوکییەکانی رەوانەی لۆزان کرابوو، داوای پەنابەری کرد، دەبێ بنووسی یەکێک لە ژنە هەواڵنێرانی ئەو هەواڵدەرییە بەناوی ( ط . ر ) بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعات و لێپرسینەوەی لێکرا.

مەئموورانی ئەو وەزارەتخانەیە ویستوویانە لە ئاستی پەیوەندیی نێوان موتەقی و هاوکارەکانی و هەروەها ئاگادار بوون لە مەبەستی ناوبراو، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە.

دەوتریت هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بەسەر پاسپۆرتی ئەو ژنە رۆژنامەنووسەدا گرتووە.

نەسیم ئەشرەفی ئازاد کرا

نەسیم ئەشرەفی دوابەدوای تەوابوونی ماوەی سزای ١ ساڵەی خۆی لەزیندانی ئێڤین ئازاد کرا

نەسیم ئەشرەفی یەکێک لە زیندانیانی بەهایی بەندکراو لەزیندانی ئێڤین دوای تەوابوونی ماوەی زیندانەکەی ئازاد کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە، نەسیم ئەشرەفی هاووڵاتیی بەهایی خەڵکی تاران دوابەدوای تەوابوونی ماوەی سزای ١ ساڵەی خۆی لەزیندانی ئێڤین ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە بەهاییە رۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی دەستبەسەر و رەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین کرابوو.

ناوبراو ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٢ لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد مۆقەیسە بە تۆمەتی " پروپاگەندە دژی نیزام و ئەندامەتی لە رێکخستنی بەهاییەکان" بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرابوو، کە دواتر و لەدادگەی پێداچوونەوەی ئوستانی تاران ئەو حوکمە کەم کرابووە و بۆ ١ساڵ زیندانی تەعزیری.
نەسیم ئەشرەفی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش ٢٠ رۆژ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ئامادە کردن : شاهۆ

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی " سحام نیوز" ( ١ حاڵەت )