ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری بانە، شارەوانی و شۆرای ئەو شارە بە "دزیکردنی ئاشکرا لە هاووڵاتییان" تۆمەتبار دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی چەند رۆژێکە کەسانێک کە خۆیان بە (واحد سد معبر)ی شارەوانیی بانە دەناسینن، بە شێوەی ئاشکرا پیادەڕەو و شوێنە گشتییەکان بە دەستفرۆش و کاسبکارانی شارەکە دەفرۆشن.

سەرچاوەیەک: مەئموورانی سەدی مەعبەر بە ئاگاداریی شۆرا و شارەوانی شاری بانە، شوێنە گشتییەکان بە دەستفرۆش و کاسبکاران دەفرۆشن

ئەو سەرچاوەیە گوتووشیەتی: مەئموورانی سەدی مەعبەر بڕی ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ هەزار تمەن لە دەستفرۆشان وەردەگرن و پاش ماوەیەکیش ئەو مەئموورانە وێڕای هەڵسووکەوتی نەشیاو، ئەو دەستفرۆشانە لەو شوێنانە دەر دەکەن.

سەرچاوەکە وێڕای بە نایاسایی لەقەڵەمدانی ئەو کردەوەیەی مەئموورانی سەدی مەعبەر، رایگەیاند: مەئموورانی سەدی مەعبەر بە ئاگاداریی شۆرا و شارەوانی شاری بانە، شوێنە گشتییەکان بە دەستفرۆش و کاسبکاران دەفرۆشن.

بەگوتەی سەرچاوەکە، هەتا ئێستا دەیان دەستفرۆش لەلایەن مەئموورانی سەدی مەعبەرەوە شوینە گشتییەکانیان پێ فرۆشراوەو سەرەڕای سکاڵا کردنی دەستفرۆشان لەو دۆخە، شارەوانیی شاری بانە هیچ ولامێکی بە دەستفرۆشان نەداوەتەوە.