ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە بانگهێشت کردنی کچێک لە کرماشان و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەر کردنی ژنێکی بەهایی لە یەزد بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی و داخرانی کەیسی غونچە قەوامی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
حەفتەی یەکەمی مانگی خاکەلێوەی١٣٩٤ی هەتاوی
کوردستـــــــــــان
بانگهێشتکرانی کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵەی کورد بۆ ئیلاعاتی کرماشان

کچێکی گەنجی دانیشتووی کرماشان لەلایەن ئیتلاعاتی "فتا"وە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی کرماشان بەناوی "نازەنین . ع" لەلایەن پۆلیسی "فتا"وە بۆ چەندەمین جار بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە و بۆ رۆژی ١٧ی خاکەلێوەش بانگهێشت کراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەماڵپەڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رخنەی لەسەر دۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگەی ئێران گرتبوو.
پۆلیسی فەتا کەیسی ئەمنیەتیی بۆ ئەو کچە کوردە دروست کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە لەئەگەری دووپات کردنەوەی ئەو کارانە لە خوێندن بێبەشی دەکەن.
ئێــران
شەونم موتەحید دەستبەسەر کرا

لەدرێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر چالاکان و پێڕەوانی ئایینی بەهایی یەکێکی دیکە لەژنانی پێڕەوی ئەو ئایینە لەشاری یەزد دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، رەوانەی زیندان کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ٢٧ی رەشەممەی ساڵی رابردوو، شەونم موتەحید هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی ئیمان رەشیدی بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ناوەندیی یەزد کراون.
شەونم موتەحد بەهاری ساڵی ٩٣ لەلایەن دادگای شۆڕشێ شاری یەزدەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە رێکخراوی بەهاییەکاندا" بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ١ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرابوو.
هاوسەری ناوبراویش بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری و ١ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کراوە.
پەروەندەی غونچە قەوامی داخراو راگەیەندرا

پەروەندەی هاوڵاتییەکی ئێرانی بریتانیایی دوای ٩ مانگ و بەدانی پارە داخراو راگێندرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، پەروەندەی غونچە قەوامی هاووڵاتی ئێرانی بریتانیایی بە دانی بڕی ١٠ ملیۆن تمەن جەریمەی نەختی، داخرا.
غونچە قەوامی تەمەن ٢٦ ساڵ، رۆژی ٣٠ی جۆزەردان ساڵی رابردوو، لە کاتی بینینی یاری والیباڵی ئێران و ئیتالیا دەستبەسەر کرابوو، سەرئەنجام دوای چەند مانگ بەدانی بارمتە ئازاد کرا.
ئامادە کردن : شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" (١حاڵەت)





