ئاژانسی كوردپا: رێوڕەسمێكی تایبەت بە بۆنەی جێژنی نەورۆز بە بەشداریی ژمارەیەك ئەدیب و فەرهەنگ دۆست لە یەكێك لەئاواییەكانی شاری كرماشان پێكهات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرەتای ئەمساڵ ئاوایی " سان روستەم" لەكرماشان، میوانداریەتی ژمارەیەك میوانی لەشارەكانی كرماشان، هەرسین، كەنگاوەر، سەحنە و ئاواییەكانی ناوچەی جەلالوەندی كرد.
ژنینی ئامێری تەنبوور لەلایەن سەید مێهرداد مەشعەشی دەسپێكی رێوڕەسمەكە بووە.

لەبەشێكی دیكەی ئەو رێوڕەسمەدا عەلی نەزەری سەبارەت بە زمان و ئەدەبیاتی كوردی لەكی چەند وتەیەكی پێشكەش كردووە.

ئەهوورا نەزەری، عەلی نەزەری، سەید قاسم ئەرژەنگ، مەهدی ماهیدەشتی، ئارەش ئەفزەلی، پژمان ئاقایی، عەلی دارابی و شەهرام رەزایی بەشێک لەو شاعیرانە بوون كە لەو رێوڕەسمەدا شێعر و پەخشانیان خوێندۆتەوە.

لەدرێژەی رێوڕەسمەكەدا سروودێك لەلایەن دارابی هونەرمەندی لەك و گۆرانیی " سەروەن" لەلایەن محەمەد میرزاییەوە پێشكەش كراوە.

لەكۆتاییدا، ئاگری نەورۆز لەلایەن ژن و پیاوێكی بەساڵاچۆوە و كچە مێرمنداڵێكی ئاوایی سان رۆستەم هەڵكراوە.

ئاوایی سان رۆستەم ( سنگ رستم) لە٦٤ كیلۆمیتری باشووری كرماشان و لەنێوان گوندەكانی " قەڵا مسكرە" و " چنار" لەناوچەی جەلالوەند هەڵكەوتووە.

كردنەوەی ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان لە كەش و هەوایەكی ئەمنیەتی و تەنانەت لەژێر هەڕشە و چاوسووركردنەوەی هێزەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بەڕێوە چوو.