ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی کەبوودوەند بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، پیرۆزبایی ساڵی نوێ و نەورۆزیان لە خەڵکی ئێران و کوردستان کرد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەی کەبوودوەند لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵی نوێیوە رایانگەیاندووە: وەکوو ٨ ساڵی رابردوو نەورۆزمان نییە".
لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە: داگیرساندنی ٨ مۆم بەیادی محەمەد سەدیق کەبوودوەند، باس لە ئاواتەکانمان کە ئاواتی ئازادیی باوک و یاری ئێمە لە بەندی زوڵم و ستەمە، قەناعەت دەکەین.
دەقی نامەی نەورۆزیی بنەماڵەی کەبوودوەند:
ئێمە بنەماڵەی کەبوودوەند لە بەرەبەری نۆیەمین ساڵوەگەری زیندانی کرانی باوکماندا، بەهۆی بەردەوامیی زیندانی کرانی نایاسایی و ناعادڵانەی باوکمانەوە، وەکوو ٨ سالی رابردوو جەژن و نەورۆزمان نییە و لە نەبوونی یار و غەمخۆری ئێمە و خەلکی کوردستاندا، لەبری دانانی سفرەی "حەوت سین" بە داگیرساندنی ٨ مۆم بە یادی کەبوودوەند، باس لە ئاواتەکانمان کە ئاواتی ئازادیی باوک و یاری ئێمە لە بەندی زوڵم و ستەمە، قەناعەت دەکەین.
ئێمە گەرچی جەژن و شادیمان نییە، بەڵام پیرۆزبایی لە خەڵکی ئێران، کوردستان و ئەو خەڵکانەی کە ماف و ئازادییەکانی خۆیان لەدەست داوە، دەکەین و دەڵێین ساڵێک پڕ لە شادی و خۆشی و بۆ هەمووتان و ئازادی و مافی مرۆڤ لە قەفەسی زیندان تێکڕای خەڵک و زیندانیان بە ئاوات دەخوازین.
بەڕێوەبەرایەتیی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای پیشتیوانی لە بنەماڵەی بەڕێزی سەرۆکی ئەم رێکخراوە، ئاواتی تەندروستی و ئازادیی خێرای محەمەد سەدیق کەبوودوەند دەخوازێت.
تاران ٢٧ی رەشەمەی ٩٣
١٨ی مارسی ٢٠١٥
بەڕێوەبەرایەتیی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان





