حەفتەی دووهەمی مانگی رەشەممەی١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا:راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور١حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە کوژرانی ژنێک بە دەستی میردەکەی لەشاری بۆکان و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەر کردنی ژنێکی بەهایی لە یەزد و لەسێدارەدانی ژنێک لەزیندانی کرمان لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
بۆکان، پیاوکێک دوای کوشتنی ژنەکەی خۆشی دەکوژێت

لەماوەی رۆژانی رابردوودا پیاوێکی خەڵکی بۆکان دوای ئەوەی هاوسەرەکەی دەکوژێت، کۆتایی بە ژیانی خۆشی دێنێت.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،یەکێک لەدانیشتوانی گەڕەکی "میرئاوای" بۆکان بەناوی جەمیل مەجیدی دوابەدوای ئەوەی کە ژنەکەی خۆی کوشتووە، کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە.
شووناسی ئەو ژنەی کە کوژراوە "نەرمین" راگەیەندراوە.
سەرچاوەکانی هەواڵ رایانگەیاندووە کە ئەو هاوڵاتییە کوردە بەهۆی هەژاری و تەنگدەستییەوە سەرەتا ژنەکەی کوشتووە و دواتریش ژیانی خۆی کۆتایی پێ هێناوە.
ئێران
هاووڵاتییەکی بەهایی لە یەزد دەستبەسەر کرا

یەکێکی دیکە لەهاووڵاتیانی ژنی پێڕەوی ئایینی بەهایی دانیشتووی شاری یەزد، لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوو هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی هێرشێان کردووەتە سەر خانووی یەکێک لە هاوڵاتییانی بەهایی شاری یەزد و فائیزە باقری و ناسر باقری باوکی ناوبراویان دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەوشارەیان کردوون.
دەوترێت کە هێزە ئەمنیەتییەکان لەکاتی دەستبەسەر کردنی ئەو دوو هاووڵاتییەدا خانووەکەیان پشکنیەوە و دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانی ئەو هاوڵاتیانەدا گرتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە فەریبا ئەشتەری دایکی فائیزە باقری حەفتەی رابردوو بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی دوو ساڵی حوکمەکەی دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی شاری یەزد کراوە.
ژنێک لە زیندانی کرمان لەسێدارە درا

لەدرێژەی رەوتی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی ئێرانی لەو وڵاتەدا، سزای سێدارەی هاوڵاتییەکی ژنی خەڵکی شاری کرمان لە زیندانی ناوەندی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە ٧ی رەشەممە، سزای سێدارەی ٤ هاووڵاتی لە زیندانی ناوەندی شاری کرمان جێبەجێ کرا کە کەسێکیان ژن بوو.
شوناسی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون مەرزیە حوسێن زێهی، وەلی بەر سەلامەت، عەلی دەشتێستانی و مورادبەخش سابکی راگێندراوە کە حەفتەی رابردوو سزاکەیان جێبەجێ کرابوو.
هۆکاری لەسێدارەدانی ئەو ٤ هاوڵاتییە تاوانەکانی تایبەت بە ماددە سڕکەرەکان راگەیندراوە.
ئامادە کردن : شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ٢حاڵەت)





