حەفتەی یەکەمی مانگی رەشەممەی١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە گیان لەدەستدانی ژنێکی سەقزی بەهۆی هەڵەی پزیشکی و ٧ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە سزادانی مەعسوومە زیا بە ١ ساڵ زیندان و ٧٤ زەربەی قامچی، دەستبەسەر کرانی فەریبا ئەشتەری بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، ئازادکرانی ٤ ژنی بەهایی لەئیسفەهان و ئازادکرانی نیگار حائیری بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
هەڵەی پزیشكی گیانی ژنێکی سەقزی ئەستاند

لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی بەساڵاچووی دانیشتووی شاری سەقز سەر ئوستانی سنە بەهۆی هەڵەی پزیشكییەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی چوارشەممە ٢٩ی رێبەندان، ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز بەناوی "خەرامان عەبدوڵڵازادە" لەکاتی تاقیکردنەەی MRI گیانی لەدەست دا.
ئەو ژنە بەساڵاچووە کە دانیشتووی گەڕەکی "حەماڵئاوای خواروو"ی شاری سەقز بوو لە یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز گیانی لەدەست داوە.
ساڵانە چەندین هاووڵاتی دانیشتووی کوردستان کە بەشیکیان ژنن بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانیان لەدەست دەدەن و هیچ ناوەند و دامەزراوەیەکی حکومەتی بەرپرسایەتی بەئەستۆی خۆی ناگرێت.
ئێـــــــــــران
مەعسوومە زیا یەکساڵ زیندانی تەعزیری و ٧٤ زەربە قامچی بۆ بڕایەوە

لەرۆژانی رابردوودا یەکێک لەچالاکانی ژنی پێڕەوی "عرفان حلقە" سزای زیندان و لێدانی قامچی بۆ بڕایەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رێکەوتی ١٨ی رێبەندان، دادگای شۆڕشێ تاران مەحسوومە زیا یەکێک لەپێڕەوانی "عرفان حلەقە"ی بە تۆمەتی " تێکدانی نەزمی گشتی لەرێگای بەشداری لەکۆبوونەوەی نایاسایی" بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٧٤ لێدانی زەربە قامچی سزا دا.
مەعسوومە زیا پێشتریش لەپەیوەندی لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ساڵی ١٣٨٥ خۆیدا یەک ساڵ زیندانی هەڵواسراوی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو بەتۆمەتی بەهۆی بەشداری لە گردبوونەوەی ئاشتیخوازانەی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٨٥ بەمەبەستی ئاڵوگۆڕ لە یاساکان ئێران کە تێدا بەنیسبەت ژنانەوە هەڵاواردن هەیە ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو.
فەریبا ئەشتەری رەوانەی زیندان کرا

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا یەکێک لەپێڕەوانی ئایینی بەهایی دانیشتویو شاری یەزد کە بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری سزا درابوو، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی ناوەندی یەزد ناساند.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١ی رەشەمە، فەریبا ئەشتەری بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی ناوەندی یەزد ناساندووە.
ئەو هاووڵاتییە بەهاییە سەڕەڕای ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری ١ سال زیندانی هەڵپسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە.
فەریبا ئەشتەری ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ ٩ ژنی دیکەی بەهایی لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری یەزدەوە سەرجەم ٢٤ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٩ ساڵ زیندانی هەڵپسێردراویان بۆ بڕابووە.
ئیسفەهان ؛ ٤ ژنی بەهایی ئازاد کران

چوار هاووڵاتی ژنی پێڕەوی ئایینی بەهایی کە هاوڕێ لەگەڵ ١٠ کەسی دیکە و لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی بەهایی لەشارەکانی ئیسفەهان و تاران دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کران.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی رێبەندان، شیوا ئغسامی، نیگار سوبحانیان، نیکا رەجەبی و مونا ئەقدەسی هاوڕێ لەگەڵ شەش کەسی دیکە کە رۆژی سێشەممە ٢٨ی ریبەندان لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی شاری ئسیفەهانەوە دەستبەسەر کرابوون، لەزیندان ئازاد کران.
هەتا ئێستا هۆکار یان هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتیانە کە سەرجەمیان پێرەوی ئایینی بەهایی بوون روون نەبووەتەوە.
هەر لەو رۆژەدا، سێ هاووڵاتی ژنی بەهایی بەناوەکانی مونا مهرابی، ئیلهام کەرەم پیشە و سەفا فرقانی لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی شاری تارانەوە دەستبەسەر کراون کەهەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
نیگار حائیری بەدانانی بارمتەی ٢ ملیاردی ئازاد کرا

یەکێک لەزیندانیانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بەدانانی بارمتەی ٢ ملیارد تمەنی لەزیندان ئازاد کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ٦ی رەشەمە، نیگار حائیری مافناس و زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بەدانانی بارمتەی ٢ ملیارد تمەنی لەزیندان ئازاد کرا.
ناوبراو لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر پیرعەباسی بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم درابوو.
نیگار حائری، کە خاوهن بڕوانامەی ماستەری مافناسییەو ("مۆڵەت"پەروانە)ی پارێزەرییە،بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ هاوڕێ لەگەڵ دایکی بە تۆمەتی لایەنگری لە "رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران" دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
ناوبراو بۆ جاری دووەم لە رێکەوتی ١ی پووشپەڕیدا ١٣٩١ دەستبەسەر و دواتر لە ١٣ی خەزەڵوەڕی هەمان ساڵداو پاش ٥ مانگ دەستبەسەر کران، بە دانانی بارمتەیەکی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
ئامادە کردن : شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(٢حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ٢حاڵەت)
ماڵپەڕی " چالاکانی تاراوگە" ( ٤ حاڵەت )





