ئاژانسی كوردپا: یەكێك لەچالاكانی كرێكاریی كوردستان لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزرا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رۆژی رابردوو " حاتەم سەمەدی" چالاكی كرێكاریان لەشوێنی كارەكەی لە شاری سنە دەستبەسەر كردووە.
ئەو هاووڵاتییە لە ئەندامانی " كۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكانە" و شوێنی راگرتنەكەشی نادیارە.

لەلایەكی دیكەوە رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٩ی رێبەندان ستادی خەبەری ئیتلاعاتی سنە " موزەفەر ساڵح نیا"ی بانگهێشت و بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لیپێچینەوەی لەگەڵدا كرابوو.
كۆتاییەكانی حەفتەی رابردووش چالاكێكی كرێكاری دیكەش بەناوی رێبوار عەبدوڵڵاهی بانگهێشتی لقی ١ دادگای " ئینقلاب"ی سنە كرابوو.
دەستبەسەركردن و بانگهێشتكردنی ئەندامانی دامەزراوە و ناوەندە كرێكارییەكان لەحاڵێكدایە كە ناڕەزایەتی كرێكاران بە هۆی نەدانی حەقدەستەكانیان گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و لە هەمبەریشدا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیەكانەوە دەستبەسەر و دەنگیان كپ دەكرێت.





