ئاژانسی كوردپا: ئامارەكان لەئێران باس لە چوونە سەری رێژەی خۆكوژی لەنێو توێژی خوێندكاراندا دەكەن و لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەر خوێندكارێكی كوردی خەڵکی مەهاباد بە هۆكارێكی نادیار لەناو ماڵەكەی خۆیدا خۆی هەڵواسیوە و كۆتایی بەژیانی هاتووە.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لەشاری مەهاباد، پژمان پاکنەزەر ناوی ئەو لاوە كوردەیە كە تەرمی بێگیانی لەناو ماڵەكەی خۆیاندا لەلایەن كەس و كارییەوە دۆزراوەتەوە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆكاری ئەو رووداوە بۆ هەواڵنێری كوردپا روون نەبۆتەوە.
خۆكوژی لەنێو خوێندكارانی ئێران و كوردستاندا بە چەشنێک پەرەی سەندووە كە هەنووكە بە دووەمین هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو توێژە دێتە ئەژمار.
"سیستەمی فێركاریی و پەروەردەیی لەئێران خوێندكارانی تووشی خەمۆكی كردووە" ئەوە وتە و رای بەشێک لە كارناسانی پەروەردەیی و دەروون ناسییە.
سەعدی پەیوەندی، كارناسی پرسە پەروەردەییەكان لەئێران لەوتووێژێكدا لەگەڵ "دوێچە وێلە" لەوباوەڕدا بووە: سیستەمی فێركاریی لەئێران زۆر سەقەتە و ئەو سەقەتەی و كەم و كۆڕییەشی گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی.
ئەو كارناسانە وتوویەتی: قوتابیی هەر لەو كاتەدا لەبیری ئەوەدایە كە بە چ شێوەیەك بتوانی دەرەجەی باش بەدەست بێنێت و لە "كۆنكور"دا سەربەكەوێو باسی لەوەش كردووە، " بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو قوتابییە نەتوانێسەربكەوێتووشی خەمۆكی دەبێت".
بەپێی دوایین لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانی شارەزا لەسەر پرسە كۆمەڵایەتی و دەروونیەكان، لەئێران لەهەر ٢٠ كەسی خەمۆك ١٢ كەسێیان دەست دەدەنە خۆكوژی.
ساڵی ١٣٩٢ وەزارەتی زانست لەراپۆرتێكدا بڵاوی كردبوویەوە، لە هەر ساڵێكدا بە شێوەی نێوەنجی نزیك بە ٤ هەزار خوێندكار لەئێران كۆتایی بەژیانی خۆیان دێنن.
لەئێران لەهەر ٣٠ حاڵەتی خۆكوژی لەنێو خوێندكاران، ٨ حاڵەتی كوڕان و ٢٢ حاڵەتی دیكەشی كچان پێكی دێنن.
خۆكوژی لەنێو خوێندكاراندا دوای رووداوی هاتوچۆ بە دووەمین هۆكاری گیان لەدەست دان دێتە ئەژمار.





