حەفتەی کۆتایی مانگی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە ناڕوونیی چارەنووسی ٣ کچە خوێندکاری کورد و ٤٦ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەدەستبەسەرکرانی ٦ ژنی رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری و ٤٠ کچی دیکە لەلایەن هیزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانلەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
چارەنووسی ٣ کچە خوێندکاری کورد ناڕوونە
پاش زیاتر لە ٢٠ رۆژ، هیچ هەواڵێک لەچارەنووسی سێ کچە خوێندکاری کورد کە سەرەتای مانگی بەفرانبار لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوون، لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەو سێ کچە خوێندکارە کوردە بەناوەکانی شیلان و کەوسەر رەحمانیپوور خەڵکی بۆکان و چنوور عەباسی خەڵکی سنە، رۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو ٣ کچە خوێندکارە نووسینی نامە بۆ عەلی خامنەیی رێبەری حکوومەتی ئیسلامی و نارەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی ژنی کورد لە زیندانەکانی ئێران، راگەیەندراوە.
بە گوتەی کەسێکی نزیک لە بەنماڵەی یەکێک لە و کچە خوێندکارانە، ئەو خوێندکارانە بەبێ بوونی مۆڵەتی یاسایی و لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کراون.
ئێران
٦ ژنی رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری دەستبەسەر کران
لەماوەی حەفتەی رابردوودا ٦ چالاکی ژنان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران دەستبەسەر و چەند کەسێکی دیکەش لەرێگای تەلەفوونەوە هوشدارییان پیدرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی حەفتەی رابردوودا (فریشتە تووسی) رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاریی زانکۆی عەلامە و (پەرەستو بیرانوەند) رۆژنامەنووس و چالاکی پێشووی خوێندکاری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانبار، سەها میرزایی یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری زانکۆی "امیر کبیر" دەستبەسەر و دوای یەک رۆژ ئازاد کرا. ئەو چالاکە خوێندکارییە رۆژی سێشەممە و دوابەدوای سەردانی دادگای شۆڕش سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.
هەروەها رۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانبار، زەهرا خەندان چالاکی خوێندکاری پێشووی زانکۆی "امیر کبیر" کە پێشتریش بۆ هەواڵدەری کاری ئێران (ئیرنا) و رۆژنامەەی "اعتماد" کاری کردبوو، لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرا.
شووناسی دوو کەسی دیکەهەتا ئێستا بۆ سەرچاوەکانی هەواڵ روون نەبووەتەوە.
دەوترێت هێزەکانی سوپا لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرکراوەکاندا گرتووە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سوپا لەرێگای تەلەفوونەوە هوشداریان بە چالاکانی دیکەی ژن داوە و هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیان لێیان کردووە.
دەستبەسەرکرانی دەیان ژن لە مەشهەد و ئامۆل
لەماوەی حەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٤٠ کچ لە دوو میوانی جیادا و لەشارەکانی مەشهەد و ئامۆل لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی حەفتەی رابردوودا ماڵپەڕەکانی نزیک لەسوپای پاسداران راپۆرتێکیان لەسەر دەستبەسەرکرانی ٨٤ کەس لە گەڕەکی "سەلمان"ی مەشهەد کە ٣٥ کەسیان ژن بوون ، بڵاو کردەوە.
لەو راپۆرتەدا هاتبوو کە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە هێرشێکی چاوەڕواننەکراودا ٨٤ کەسیان، کە لە پارتییەکی شەوانە کۆبوونەوە، دەستبەسەر کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، لەیەکێک لەخانووەکانی شەقامی "هەراز"ی شاری ئامۆل ٢٠ کەس لە میوانییەکی شەوانە دەستبەسەر کراون کە بەشێکیان کچ بوون.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا( ٣ حاڵەت)
هێرانا( ٦حاڵەت)
هەواڵدەرییەکانی "بسیج خراسان رضوی" و "بلاغ"ی ئامۆل( ٤٠ حاڵەت)





