حەفتەی سێیەمی مانگی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان، کە بریتییە لە دەستبەسەر کرانی سێ کچە خوێندکاری کورد لەتاران و هەوڵی کوشتنی کچێکی گەنج لە سنە و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە سەرلەنوێ بانگهێشت کردنەوەی ئاتنا فرقدانی بۆ دادگا لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

دەستبەسەرکرانی ٣ کچە خوێندکاری کورد لە تاران

لەماوەی حەفتەی رابردوودا، سێ کچە خوێندکاری کوردی لەشاری تاران و لەلایەن هێزەکانی وەزارەت ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١١ی بەفرانبار، سێ کچە خوێندکاری کورد بەناوەکانی شیلان و کەوسەر رەحمانی‌پوور خەڵکی بۆکان و چنوور عەباسی خەڵی سنە لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو ٣ کچە خوێندکارە نووسینی نامە بۆ عەلی خامنەیی رێبەری حکوومەتی ئیسلامی و نارەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی ژنی کورد لە زیندانەکانی ئێران، راگەیەندراوە.

بە گوتەی کەسێکی نزیک لە بەنماڵەی یەکێک لە و کچە خوێندکارانە، ئەو خوێندکارانە بەبێ بوونی مۆڵەتی یاسایی و لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم راپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو سێ کچە کوردە و هەروەها شوێنی راگرتنیان لە بەردەستدا نییە.

هەوڵی کوشتنی کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە سنە

لەماوەی حەفتەی رابردوودا، کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە شاری سنە بەشێوەیەکی "هۆڤانە" و لەلایەن براکەیەوە سەر بڕدرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی بەفرانبار، کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی سروە کچی ئیبراهیم، کە خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دێولانی سەر بە پارێزگای کوردستان بوو، لەلایەن براکەیەوە سەر بڕدرا.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کچە تەمەن ١٩ ساڵەیە بەهۆی کێشە و هەروەها گوشاری خێزانەکەیەوە ماڵی خۆیانی بەجێ هێشتووە و رۆژی هەینی بەدەستی براکەی بە چەقۆ سەربڕدراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە سروە لەبەشی ( ئای . سی . یو )ی نەخۆشخانەی "بعثت"ی سنە راگیراوە و لەژێر چاوە دێری پزیشکی دایە.

پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانەیە رایانگەیاندووە، ئەگەری گیانلەدەستدانی ئەو کچە لە ئارادایە.

ئێران

ئاتنا فرقدانی سەرلەنوێ بانگهێشتی دادگا کرا

ئاتنا فرقدانی چالاکی بواری مافەکانی منداڵان لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆ جاری ووهەم بانگهێشتی دادگا کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ، ئاتنا فرقدانی نەقاش و چالاکی مافی منداڵان، کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانبار بانگهێشتی دادگا کرابوو، جارێکی دیکە و بۆ رۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار بانگهێشتی دادگا کراوەتەوە.

فرقدانی لەلاپەرەی تایبەتیی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی" ئەمن ئاتنا فرقدانی لەدایکبووی ١٣٦٥ی هەتاوی و بە ژمارەی ناسننامەی ٣٤٨٢٨، کاتژمێر ٨:٣٠ دەقەی بەیانیی رۆژی شەمم رێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار، لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شەقامی "معلم"، بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی ئامادەی دانیشتنی دادگا دەبم.

دەزانم رۆژی شەممە لە دادگایەکدا، کە ناعداڵەتی تێیدا بێداد دەکات، حازر دەبم و لەبەرانبەر دادوەرێکدا کە ساڵانێکە تەرازووەکەی یەکسان نەبووە، دەبێ تاوانی بەرگری کردن لە خەڵکە خۆشەویستەکەم بدەمەوە."

ناوبراو پێشتر بە هۆی بەرهەمەکانیەوە و هەروەها سەردانی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی ساڵی ٨٨ دەستبەسەر بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەندی ئەلفی سپای پاسداران راگیرابوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا( ٥حاڵەت)