حەفتەی دووەمی مانگی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە رێگری کردن لەدانی مەرەخەسی بە مریەم موقەدەسی و ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی مەسیحی لەتاران، بانگهێشت کرانی ئاتنا فرقدانی و خۆشکی ستار بەهەشتی و سەرلەنوێ حوکم دانی رێحانە تەباتەبایی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
مریەم موقەدەسی ٤ ساڵ بێبەش لە مەرەخەسی
یەکێک لە زیندانیانی سیاسی کورد بە ناوی مریەم موقەدەسیی سەرەڕای تێپەڕینی ٤ ساڵ لە ماوەی حوکمەکەی هێشتا لە وەرگرتنی مافی مەرەخەسی بێبەشە و مەرەخەسیی پێنەدراوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، زیندانی سیاسی کورد مریەم موقەدەسی سەرڕای تێپەڕاندنی ٤ ساڵ لە ماوەی حوکمی ٩ ساڵەی خۆی، هێشتاش لەمافی مەرەخەسی بێبەرییە و لەلایەن زیندانی ئێڤینی تارانەوە رێگری لێ دەکرێت.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەماوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەیدا چەندین جار بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی مافی مرەخخەسی، نالەباربوونی دۆخی زیندان و نەبوونی کەرەستەی بێهداشتی، دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.
مریەم مقەدەسی خەڵکی شاری "نەغەدە"یە، کە بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ بەتاوانی هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بە ٩ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئێستا لە زیندانی ئێڤینی تاران راگیراوە.
ئێــــــــــران
دوو ژنی مەسیحی لەتاران دەستبەسەر کران

لەماوەی رۆژانی رابردوودا چەندین هاووڵاتیی پێڕەوی ئایینی مەسیحی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی تارانەوە دەستبەسەر کران کە دوو کەسیان ژن بوون.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٤ی بەفرانبار، دوو ژنی مەسیحی بەناوەکانی ئازین فروودی و مریەم نەریمانی هاوڕێ لەگەڵ ٧ هاووڵاتیی دیکەی مەسیحی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لەشاری تاران دەستبەسەر کران.
ئەو ٩ هاوڵاتییە مەسیحییە لەحاڵێکدا کەلە یەکێک لە کڵێساکانی رۆژهەڵاتی تاران سەرقاڵی بەڕێوەبردنی رێورەسمی جێژنی گەورەی مەسیحییەکان ( کریسمەس) بوون، دەستبەسەر کراون.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییانەدا دەستیان داوەتە پشکنیننی خانووەکە و دەستیان بەسەر کتێبەکان، کامپیۆتێر و کەرەستە تاکەکەسییەکانی ئەو هاوڵاتییانەدا گرتووە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە زانیارییەکی وەرد لەسەر شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.
بانگهێشت کرانی ئاتنا فرقدانی و خۆشکی ستار بەهەشتی

لەماوەی حەفتەی رابردوودا خۆشکی ستار بەهەشتی و هەروەها ئاتنا فرقدانی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی کران.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەحەر بەهەشتی خۆشکی ستار بەهەشتی کە خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی پۆلیسی "فەتا" لەزیندان گیانی لەدەست دا، رۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار بانگهێشتی دەفتەری وەزارەتی ئیتلاعات کرا.
هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری بانگهێشت کرانی سەحەریان بۆ " وەرگرتنی هێندێک زانیاری" لەناوبراو، گەڕاندووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاتنا فرقدانی نەقاش و چالاکی مافی منداڵان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانبار بانگهێشتی دادگا کرا.
ناوبراو پێشتر بە هۆی بەرهەمەکانیەوە و هەروەها سەردانی بنەماڵەی کوژراوانی ساڵی ٨٨ دەستبەسەر بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەندی ئەلفی سپای پاسداران راگیرابوو.
رێحانە تەباتەبایی سەرلەنوێ حوکمی بۆ بڕایەوە

لەماوەی حەفتەی رابردوودا رێحانە تەباتەبایی سەرلەنوێ حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە و بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە هەرچەشنە چالاکییەکی سیاسی بێبەش کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رێحانە تەباتەبایی رۆژنامەنووس و لایەنگری بەرەی "مشارکت" کە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ و دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی ٦ مانگەی خۆی لەزیندان ئازاد کرابوو، سەرلەنوێ حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە، ٩ی بەفرانبار بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام دادگایی کراو لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە سزای ١ ساڵ زیندان و دو ساڵ بێبەش بوون لە هەموو مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ بڕایەوە.
رێحانە تەباتەبایی پێشتر و لە رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر و سزای ١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو کە دواتر بۆ ٦ مانگ کەم کرایەوە.
ناوبراو رۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان لەکاتێکدا سەردانی دادسەرای ئێڤینی کردبوو، دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" ( ٣حاڵەت)
ماڵپەڕی "جرس" ( ١ حاڵەت )
ماڵپەڕی " راه سبز" ( ١ حاڵەت)





