ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ پێکهاتنی ئەنجومەنی کوردەکانی زانکۆی تاران، ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری سنە، چالاکێکی خوێندکاریی کوردیان بانگهێشت و دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارانی کورد لە زانکۆی تاران مۆڵەتی چالاکیی فەرهەنگی و هونەریی و ئەدەبییان لە بەڕێوەبەرایەتیی فەرهەنگیی ئەو زانکۆیە بۆ چالاکی لە ئەنجومەنی کوردەکانی زانکۆدا وەرگرت.
هەتا ئێستا ١٦٠ کەس لە خوێندکارانی کورد، لەو ئەنجومەنە فەرهەنگییەدا ناونووسییان کردووە.
ماڵپەڕی "خوێندکار" لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە؛ ئەو کانوونە لە درێژەی چالاکییەکانیدا، مانگنامە یان وەزنامەیەک چاپ و بڵاو دەکاتەوە.

شوناسی ئەو خوێندکارە کوردە، رێبوار کامرانیپوور راگەیاندروە، کە رۆژی رابردوو لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوەو هەتا ئێستاش لەهیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
دەگوترێ، رۆژی رابردوو هێزە ئیتلاعاتییەکان چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ژمارەیەک کتێب و هەروەها کۆمپیوتێری ناوبراویشیان زەوت کردووە.
رێبوار کامرانیپوور، خەڵکی شاری مەریوان و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئەدەبیی "هاوڕێ هەورام"ی زانکۆی پەیامنووری سنە و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانیش بووە.
رۆژی سێشەممەی ئەم حەفتەیەش خوێندکارێکی کوردی خەڵکی مەهاباد بەناوی ئاسۆ عەزیزی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ئاسۆ عەزیزی، کە خوێندکاری رشتەی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی پەیامنووری مەهابادە، کامپیوتێر و ژمارەیەک کتێبیشی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.





