حەفتەی سێیەمی مانگی سەرماوەزی١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموو ر٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە خۆکوژیی ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لەخۆی، لەسێدارەدانی ژنێکی دیکە و ئازادکرانی مەنیژە سادقی بەدانانی بارمتە و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەدەستبەسەرکرانی نەسرین ستوودە و دوو ژنی پێرەوی "عرفان حلقە" و لەسێدارەدانی ژنێکی دیکە لەبەندیخانەی قیزڵ حەساری کەرەج، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
ژنێکی دیکە لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا

لەماوەی حەفتەی رابردوودا سزای لەسێدارەدانی ژنێکی دیکە لە زیندانی شاری ورمێ بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ١١ی سەرماوەز، چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی "دەریا"ی ورمێ لەسێدارە دران کە کەسێکیان ژن بوو.
مەرزیە ئوستواری هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەناوەکانی موختار داودخواز، یەدوڵڵا فەهیمی و مەنووچەهر رەزایی ئەو کەسانە بوو کە سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە.
ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بەتۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان و لەلایەن دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٥ ژن لە زیندانەکانی حکومەتی ئێران لەسێدارە دراون.
خۆکوژی ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لە خۆی
لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لە شاری خۆی، سەربە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەز، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لە شاری خۆی و لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
ئەو ژنە کە شوناسی بۆ ناوەندەکانی هەواڵ روون نەبووەتەوە، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
مەنیژە سادقی بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا یەکێک لە چالاکانی مافی ژنان کە ماوەیەک پێش لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر کرابوو، بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، مەنیژە سادقی چالاکی مافەکانی ژنان کە رۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر کرابوو، رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ١٠ی سەرماوەز بە دانانی بارمتەی ٤٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.
هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەرکردنی مەنیژە سادقی دەستیان دابووە پشکنینی خانووی ناوبراو.
ئێــــــــــران
نەسرین ستوودە دەستبەسەر کرا

رۆژی رابردوو نەسرین ستوودە ئەندامی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز، نەسرین ستوودە هاوڕێ لەگەل هاوسەرەکەی بەناوی رەزا خەندان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو لەکاتێکدا ویستبووی بەمەبستی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم کانوونی پارێزەران، لەماڵی خۆیان بچێتە دەرەوە، دەستبەسەر و کاتژمێر ١٢ی هەمان رۆژ ئازاد کرابوو.
نەسرین ستوودە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی تاران بەتاوانی تەبلیغات بەدژی نیزام، حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و ١٠ ساڵ بێبەری بوون لە پیشەی پارێزەریی، بۆ بڕایەوە.
نەسرین ستوودە پارێزەری زیندانی کراو و ئەندامی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خەرمانان لە زیندان ئازاد کرا.
دەستبەسەرکرانی دوو ژنی دیکەی پێرەوی "عرفان حلقە"

لەماوەی رۆژانی رابردوودا و لەدریژەی رەوتی دەستبەسەرکرانی پێرەوانی تەریقەتی "عرفان حلقە"، دوو ژنی دیکەی پێرەوی ئەو تەریقەتە لە دوورگەی کیش دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئێوارەی رۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەز، چوار هاووڵاتیی پێڕەوی تەریقەتی "عرفان حلقە" لە دوورگەی کیش دەستبەسەر کراون کە دوو کەسیان ژن بوون.
شووناسی ئەو چوار هاووڵاتییە هەتا ئێستا بۆ سەرچاوەکانی هەواڵ روون نەبووەتەوە.
ئەو چوار هاووڵاتییە دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ یەکێک لە پۆلەکانی وانە وتنەوەی پێڕەوانی تەریقەتی "حرفان حلقە" دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە مەڕ شوێنی راگرتنیان لەبەردەستدا نییە.
دەوترێ هێزە ئەمنییەکان دوابەدوای دەستبەسەر کردنی ئەو چوار هاووڵاییە دەستیان بەسەر کتێب، سی دی و باقی ئیمکاناتی دیکەی ئەو پۆلەدا گرتووە.
ژنێکی دیکە لەکەرەج لەسێدارە درا

لەماوەی حەفتەی رابردوودا و لەدرێەی شەپۆلی لەسێدارەدانی هاووڵاتیان، ژنێکی دیکە لە زیندانی قیزڵحەساری کەرەج لەسیدارە درا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەز، رێکەوتی ١١ زیندانی لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج لەسیدارە دران کە کەسێکیان ژن بوو.
ئەکرەم حوسێنی تەمەن ٤٣ ساڵ کە لە زیندانیق ەرچەکی وەرامین بوو، هاوڕێ لەگەڵ ١٠ کەسی دیکە لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج بەتۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان لەسێدارە درا.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی پاییزەوە هەتا ئێستا، سزای سێدارەی ٣ ژن لە زیندانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ٢حاڵەت)
ماڵپەڕی "حلقە نیوز" ( ٢ حاڵەت)





