ئاژانسی کوردپا: سەلاح پایانیانی نووسەر، فۆلكلۆرناس و توێژەری ئەدەبی زارەكیی خەڵكی مەهاباد، حەوتەمین بەرگی "فەرهەنگی زارەكیی موكریان"، كە تایبەتە بە ژنانی كورد، چاپ و بڵاو كردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە رۆژانی رابردوودا حەوتەمین بەرگی ئەو پڕۆژە فەرهەنگییە بەناوی "فەرهەنگی زارەكیی موكریان، بەشی ژنان" لەلایەن چاپ و بڵاوكردنەوەی "رەهرەو" لە مەهاباد چاپ و بڵاو كراوەتەوە و كتێبخانەی كوردیی پێ رازێنراوەتەوە.

سەلاح پایانیانی نووسەر، فۆلكلۆرناس و توێژەری ئەدەبی زارەكیی خەڵكی مەهاباد

ئەم بەرگەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان تەرخان كراوە بۆ ژنانی كورد و سەرجەم ئەو بەیت و باو و ئەدەبە حیماسی و لیریكی و ئیرۆتیكییە زارەكییانەی دەڤەری موكریانی لەخۆ گرتووە كە یان لەلایەن ژنانەوە وتراوە، یان كەسانی دیكە بۆ ژنانیان هۆنیوەتەوە.

سەڵاح پایانیانی نووسەر و توێژەری فۆلكلۆری كورد، ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی توێژینەوەی مەیدانی و هەمەلایەنە لەسەر فۆلكلۆر و ئەدەبی زارەكیی كوردە و دەستی داوەتە كارێكی بنەڕەتی و پڕۆژەیەكی درێژخایەن و هەتا ئێستا ٧ بەرگی لەو پرۆژەیە پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.

بەرگەكانی یەكەم هەتا پێنجەمی "فەرهەنگی زاركیی موكریان" بەناوی "ئـ، ب، پ، ت، ج و چ" بڵاو بوونەتەوەو تەرخان كراون بۆ پەند، مەتەڵ، قسەی نەستەق و پێشینیان و بەیەت و بالۆرەو باو، كە بە میتۆدێكی زانستی شی كراونەتەوە.

بەرگی شەشەمی ئەم پڕۆژە تایبەتە بە منداڵان، سەرجەم ئەو بەیت و باو و لای لایانە و ئەدەبە زارەكییانە دەڤەری موكریانی لەخۆ گرتووە كە تایبەتن بە منداڵی كورد.