حەفتەی یەکەمی مانگی سەرماوەزی١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە دەستبەسەر کردنی مەنیژە سادقی لە سنە و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەبڕانەوەی یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ غونچە قەوامی و ئازدکردنی ناوبراو بە دانانی بارمتە لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
مەنیژە سادقی دەستبەسەر کرا
رۆژی رابردوو، مەنیژە سادقی یەکێک لە چالاکانی بواری ژنان و منداڵان لە شاری سنە، دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەز، مەنیژە سادقی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و داکۆکیکاری مافی ژنان و منداڵان، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سەر بە ئیتلاعات کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ چوونەتە سەر ماڵی مەنیژە سادقی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
بە گوتەی شایەتحاڵان، هێزە لیباس شەخسییەکان دەستیان بەسەر کامپیوتێر و مۆبایل خۆی و هوەروەها منداڵەکانیشیدا گرتووە.
هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی راگیرانی ئەو چالاکە مەدەنییە نادیارە.
ئێـــــــــــــران
غونچە قەوامی یەک ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا
لەماوەی رۆژانی رابردوودا ، غونچە قەوامی هاووڵاتی ئێرانی _ بریتانیایی دوای نزیک بە ٥ مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سووسەن موشتاقیان دایکی غونچە قەوامی کە بە دانانی ١٠٠ ملوێن تمەن بارمتە ئازد کراوە رایگەیاندووە کە، کچەکەی بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵیش مافی چوونە دەرەوە لە ئێرانی لێ قەدەغە کراوە.
غونچە قەوامی تەمەن ٢٥ ساڵ، رۆژی ٣٠ جۆزەردانی ئەمساڵ و لەکاتێکدا بۆ بینی یاریی والیباڵی نێوان یانەکانی ئێران و ئیتالیا چوبووە یاریگەی ١٢ هەزار کەسیی ئازادی، دەستبەسەر و لەوکاتەوە تا ئێستا لە زیندان راگیراوە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی "BBC فارسی"( ١حاڵەت)





