ئاژانسی كوردپا: هاتوچۆ لەنێوان جادەكانی دوو ئوستانی كوردستانی ئێران بە هۆی بەفربارین و سەهۆڵبەندانەوە داخرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، جادەی "تەتە" لەشارستانی سەوڵاوا بە هۆی بەفۆ و بۆرانەوە داخراوە و هاتوچۆ لەو شوێنە راگیراوە.

بەرپرسی ئیدارەی رێگەوبانی شارستانی سەوڵاوا وتوویەتی: پێرسونێلی ئیدارەی رێگەو بان جادەی نێوان ژاڵانە و شوێنەكانی دیكەیان لە هەورامان بە هۆی ئەگەری روودانی رنو و هەرەسی بەفرەوە داخستووە.

(محەمەد درگایی) هاتوچۆی لە ئوستانی كوردستان بۆ كرماشان و بە پێچەوانەكەی هەتا دوا ئاگاداركردنەوە قەدەغە راگەیاندووە.

لەو ناوچانە نزیك بە ٤٠ سانتیمیتر بەفر باریوە و ئەمە لەحاڵێكدا كە ئەو بەفر بارینە هەورامانی تەختیشی گرتۆتەوە، بەڵام هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە رێگەكان دانەخراوون.

ملەی تەتە بە هۆی هەڵكەوتەی كوێستانی بوونی، لەگەڵ كێشەی زۆر بەرەوڕوویە و هەموو ساڵێك ژمارەیەك قوربانیی لێدەكەوێتەوە.

ئیدارەی رێگاوبانی سەوڵاوا رایگەیاندووە، ئەگەر كەش و هەوا گونجاو بێت پێرسونێلی ئیدارەكەمان هەوڵەكانیان بە مەبەستی كردنەوەی ملەی تەتە دەخەنە گەڕ.

ملەی تەتە دوو هەزار و ٦٥٠ میتر لەئاستی دەریاوە بەرزترە و بە ئەستەمترین جادەكانی كوردستان دێتە ئەژمار.

ملەی تەتە لە نێوان جادەی مەریوان- نۆدشە - پاوە هەڵكەوتووە و سەرەڕای داواكاری هاووڵاتییان بەمەبەستی گۆڕینی رێگاكە و لێدانی تونێل بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەوڵێكی بۆ نەدراوە.

بە داخرانی گەردەنەی تەتە كە چەندین مانگ دەخایەنێ‌، تەنیا شوێنی هاتوچۆ بۆ شارەكانی مەریوان، سەوڵاوا، پاوە، روانسەر، جوانڕۆ، نۆدشە و نەوسوود و ژمارەیەك لەو ئاواییەكان، جادەی سنە ـ كرماشان دەبێت.