ئاژانسی کوردپا: بەهۆی پێکدادانی کامیۆنێکی بارهەڵگر لەگەڵ ماشێنی هێنان و بردنی قوتابییان لە شاری سەرپێڵی زەهاو ٥ قوتابیی کورد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەڕۆی رۆژی رابردوو لە نزیک پردی (ماسی)ی شارستانی سەرپێڵی زەهاو، رووداوێکی هاتوچۆ هاتە ئاراوەو بەوهۆیەوە ٥ قوتابی کەلە ماشێنێکی جۆری پرایدا بەرەو قوتابخانە دەڕۆیشتن، بوونە قوربانی.

لەو رووداوەدا کە لە ١٧ کیلۆمیتریی جاددەی کرندی رۆژئاوا بۆ شارستانی سەرپێڵی زەهاو هاتۆتە ئاراوە، ٤ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوونە.

فەرمانداری شارستانی سەرپێڵی زەهاو وێڕای ئاماژە کردن بەو رووداوە، بە هەواڵدەرییەکانی راگەیاندووە: "لەو رووداوەدا ٤ کەسی نێو پرایدەکە دەستبەجی گیانیان لەدەست داوەو کەسێکیشیان پاش گەیشتنە نەخۆشخانەی سەرپێڵی زەهاو گیانی لەدەست داوە".

دەگوترێ، کە لە ئێستادا بارودۆخی جەستەیی ٢ کەس لە بریندارانی نەخۆشخانەی تاڵەقانی زۆر نالەبارە.

هەتا ئێستا شوناسی کوژراو و بریندارەکان رانەگەیەندراوە، بەڵام کارناسانی رووداوەکانی هاتوچۆ و پۆلیس لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی هاتنە ئارای رووداوەکە دەکەن.

شارستانی سەرپێڵی زەهاو لە رۆژئاوای ئوستانی کرماشان هەڵکەوتووەو زیاتر لە ٨٥ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.