ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەنووسەر و چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە کوردستان و ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیان لەخەڵکی کۆبانی دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەدرێژەی رەوتی بەردەوامی پشتیوانییەکانی کەسایەتی و قەڵەم بەدەستانی کورد لە کەمپەینی " کۆبانی بەتەنیا جێمەهێڵن"، دکتور "کامران مەتین"یش چووە ریزی مانگرتوانەوە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی نێودەوڵەتیی "ساسکس"ی بریتانیا لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە و هەروەها دەستی بەمانگرتنیش کردووە.
پێشتریش شارام نازری و سەدیق تەعریف دوو هونەرمەندی ناسراوی کوردستان پەیوەست بە کەمپەینی مانگرتوانی ببوون.
پێنج چالاکی مافەکانی ژنانیش لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی کۆبانی دەبڕیوە.
سیمین چایچی، ئێحترام عیشقی، پەروین زەبیحی، شادی نەزەریان و رۆیا مەلەکی ئەو پێنج کەسەن کە بەیاننامەکەیان بڵاو کردۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەکی بەرچاو نووسەر، رووناکبیر و چالاکی فەرهەنگی لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری پشتیوانی نێودەوڵەتی لەخەڵکی کۆبانی بوون.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە: داوا لە سەرجەم ناوەندە نێودەوڵەتی و لایەنە پێوەندیدارەکان دەکەین کە هەر چی خێراتر بەهانانی خەڵکی کۆبانییەوە بچن و کۆتایی بە کوشتاری ئەو مرۆڤانە بێنن.
ئەسغەر فەرهادی، فەریاد شیری، داریووش میهرجوویی، عیسا سەحەرخیز، میهرداد عیمادی، مەحبووبە میرغەدیری، عەلیڕەزا مەجایی، محەمەەد کیشاوەرز، عەباس مەخبیر، حەسەن سانعی و پیگا ئێقباڵزادە لە واژۆکارانی بەیاننامەکەن.
کەمپەینی کۆبانی بەتەنیا جێمەهێڵن، رێکەوتی ١١ رەزبەر دەستی بەچالاکییەکانی کردووە و ئامانجەکەشی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هێرشەکانی داعش و ئەنجامدانی چالاکی مرۆڤدۆستانە راگەیاندووە.







