ئاژانسی كوردپا: بە ئامانجی " ناڕەزاتەتی دەربڕین بە هێرش و كوشتاری داعش" كەمپەینی پشتیوانی لەخەڵكی کۆبانی لەكوردستانی سووریە، وەرێ‌خرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كەمپەینی پشتیوانی لە خەڵكی کۆبانی بە دەسپێشخەریی چالاكانی سیاسی، فەرهەنگی، مەدەنی و مافی مرۆڤ رێكەوتی ١١‌ی رەزبەر دەستی بەكار كرد.

كەمپەینەكە، لەژێر ناوی " کۆبانی بەتەنیا جێ‌مەهێڵین" لەلایەن كەسایەتییەكانی كورد و ئێرانی پشتیوانیی لێكراوە.

دكتور قوتبەدین سادقی، دكتور رەحیم فەرهمەند، ئیجلال قەوامی، دكتور حوسێن ئەحمەدی نیاز و نەسرین ستوودە لە ئەندامانی ئەو كەمپەینەن.

هەتا ئێستا ١٦٠ هەزار ئاوارەی کۆبانی هانانیان بردۆتە بەر خاكی توركیا

كەمپەینەكە بڵاوی كردۆتەوە، دكتور هێرمیداس باوەند، دكتور فەریبورز رەئیس دانا و دوكتور ئەدیب بروومەندیش پەیوەست بە كەمپەینەكە بوون.

ئامانجی كەمپەینەكە " نارەزایەتی دەربڕین بە هێرشەكانی داعش"، ئەنجامدانی چالاكیی مەدەنی و مرۆڤ دۆستانە و خزمەتكردنی خەڵكی کۆبانی راگەیەندراوە.

کۆبانی شاری كوردنشین لە سووریایە و لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا كۆنترۆڵەكەی كەوتۆتە دەست دەوڵەتی ئیسلامی و مەترسیی دووبارە بوونەوەی كارەساتی شنگاڵ لە کۆبانی لە گۆڕێدایە.

پێشتریش چالاكانی فەرهەنگی، رۆژنامەنووسان و چالاكانی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران كەمپەینی پشتیوانی لەشنگاڵیان دامەزراند و یارمەتییان لە شارە جۆراوجۆرەكانی ئێران بۆ كۆ كردنەوە.