ئاژانسی كوردپا: لەئەنجامی ئاگركەوتنەوە لەبەرزاییەكانی "مێشە رێ"ی ناوچەی بێستوون، سی هێكتار لە دارستان ولەوەڕگەكانی ئەو ناوچەیە بوون بە خۆڵەمێش.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ژینگە و سروشتی ناوچەی پارێزراوی بێستوون لەكرماشان، رۆژی هەینی رابردوو ئاگری تێبەربوو، کە بەو هۆیەوە خەسارێكی بەرچاو بە ژینگە و سروشتی ئەو ناوچەیە گەیشت.
لەو رووداوەدا سی هێكتار لە لەوەڕگەكانی "مێشە رێ(رێواسان)" سووتاو و ژمارەیەكی بەرچاویش داری وەكوو بەڕوو و بەڵاڵووک لەناو چوون.
ئەو ناوچەیە بە حوكمی سەرسەوزی و ژینگە دڵڕفێنەكەی، ئاژەڵ و باڵەندەیەكی زۆریش تێیدا ژیان بەسەر دەبەن.
ئیدارەی ژینگەپارێزیی ئوستانی كرماشان وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو هەواڵە راشیگەیاندووە، "كەمتەرخەمیی گەشتیاران و كەسانی هەلپەرەست هۆكاری ئەو ئاگر كەوتنەوەیە بووە".
ئەو ئاگركەوتنەوەیە دوای نزیک بە ٢٠ كاتژمێر لەلایەن تیمەكانی ژینگەپارێزیی كرماشان و هەرسینەوە كۆنترۆڵ كراوە.
ناوچەی پارێزراوی بێستوون بە یەكێک لە چوار ناوچەكانی كۆنترۆڵ كراو دێتە ئەژمار و رووبەرەكەشی پەنجاو چوار هەزار ٦٦٣ هێكتارە.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لەپێنج مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا، ٢٧ حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەكانی كرماشان رووی داوە.







