ئاژانسی كوردپا: جۆشكارێكی خەڵكی شاری بۆكان لەكاتی كاركردن و بەهۆی بەربوونەوەی لەبینایەكی شاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی كوردستان، كۆتایی بەژیانی هات.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەربوونەوە لە بینایەكی نیوەكارە لەشاری هەولێر مەرگی كرێكارێكی كوردی بەناوی "كورووش ئارخوون" كوڕی محەممەدرەسووڵ و خەڵكی یەكێک لەئاواییەكانی شاری بۆكانی لێكەوتەوە.
ئەو كرێكارە كوردە بە هۆی دۆخی نالەباری ژیان و نەبوونی كارێكی شیاو لە كوردستان و ئێران رووی لەهەرێمی كوردستان كردبوو.

ئەو رووداوە رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٣١ی خەرمانان رووی داوە و تەرمی "كورووش" رادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییە دانیشتووی ئاوایی " سەرا"ی سەر بە سیمینەی شارستانی بۆكانە.
چالاكانی كرێكاری لەو باوەڕەدان، كە لەهەرێمی كوردستان هیچ یاسایەك بۆ پشتیوانی لە چینی كرێكار بوونی نییە و ئەو مەسەلەیەش دۆخی كرێكاران بەتایبەت كرێكارانی بیناسازی لەگەڵ دژواری و گیروگرفت بەرەوڕوو كردۆتەوە.
زۆربەی ئەو كرێكارە ئێرانیانەی كە لەهەرێمی كوردستان سەرقاڵی كرێكارین لەرێگەی نایاساییەوە كار دەكەن و لە مافەکانی وەک بیمە و خانەنشینی بێبەرین.





