حەفتەی کۆتایی مانگی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خۆکوژیی کچێکی گەنج لەمەریوان و هەوڵی خۆکوشتنی ژنێکی خەڵکی دەڕەشاری ئیلام و هەروەها لە شوێنەکانی دیکەی ئێران ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتییە لەدەرکردنی سزای ١٨ مانگ زیندان بۆ ٣ کچی بەشدار لە کلیپی "هەپی" و لەسێدارەدانی دوو ژنی پاکستانی لەزیندانی زاهیدان، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی کچێکی گەنج لەمەریوان و هەوڵی خۆکوشتنی ژنێک لەئیلام

لەماوەی حەفتەی رابردوودا کچێکی گەنجی خەڵکی مەریوان کە ماوەیەک بەر لەئێستا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو گیانی لەدەست داو ژنێکیش لە ئیلام هەوڵی خۆکوشتنی دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی "فەریدە" کچی حەبیبوڵڵا و دانیشتووی گوندی "ئاڵمانە"ی مریوان، رۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان لەیەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

ئەو کچە تەمەن ٢٠ ساڵەیە، بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی بەرەوڕووی ئاستەنگ ببوویەوە، حەفتەیەک پێش ئێستا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو.

لەلایەکی دیکەوە، ژنێک لە شاری دەڕە شاری ئیلام کەلە رێگەی خۆهەڵواسینەوە ویسبووی کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت، لەلایەن پۆلیسی ئەو شارەوە لە مەرگ رزگاری بوو.

ئەو ژنە کە دایکی دوو منداڵیش بووە، بەهۆی هەڵسووکەوتی نەشیاوی هاوسەرەکەی و زیندانی کردنی لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا، هەوڵی خۆکوژیی دابوو.

ناوبراو چۆنیەتیی زیندانی کرانی خۆی و منداڵە ٣ و ٤ ساڵەکانی بەم شێوەیە باس کردووە " هاوسەرەکەم ئیزنی چوونە دەرەوە لە ماڵی پێ نەدەدام و درگای ماڵەکەشی بە قفڵێکی گەورە دادەخست و تەنانەت سەردانی خزم و کەسوکاریشی لێ قەدەغە کردبووم".

ئێـــــــــــــــــران

کچانی بەشداربوو لە کلیپی "هەپی" ٦ مانگ زیندانییان بۆ بڕایەوە

لەماوەی حەفتەی رابردوودا دەزگای دادوەری ئێران حوکمی تاوانبارانی بەشداربوو لە پەروەندەی ناسراو بە "هەپی"راگەیاند و هەر کاملەو کچانەی بەشداربووی ئەو کلیپەی بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٨ی خەرمانان، دادوەر حەیدەری سزای تۆمەتبارانی پەروەندەی ناسراو بە "هەپی" راگەیاند.

بەپێی ئەو حوکمە سێ کچی بەشداربووی کلیپەکە بەناوەکانی "رێحانە تەراوەتی"، "بدا موتمەئینی" و "سپیدە" هەرکامەیان بە ٦ مانگ زیندان مەحکوم کراون.

هەروەها بەپێی بڕیاری دادگا، سامان سلێمانی بە یەک ساڵ و ئەفشین سوهرابی و بەردیا مورادی هەرکامەیان بە ٦ مانگ زیندان مەحکوم کراون.

ئەو حوکمە بۆ ماوەی ٣ ساڵ هەڵپسێردراوە و ئەگەر ئەو تاوانبارانە لەو ماوەیەدا هیچ تاوانێک ئەنجام نەدەن ناچنە زیندانەوە.

ئەو شەش گەنجە رۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕ، لەلایەن پۆلیسی تارانەوە دەستبەسەر کرابوون.

دوو ژنی پاکستانی لە زاهیدان لەسێدارە دران

لەماوەی حەفتەی رابردوودا ٤ کەس لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان لەسێدارە دران کە دوو کەسیان ژن و خەڵکی وڵاتی پاکستان بوون.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانان، دوو ژنی پاکستانی کە شوناسیان بۆ میدیاکان ئاشکرا نەبووە، بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان" لەزیندانی ناوەندی زاهیدان لەسیدارە دران.

هەر لەو رۆژەدا دوو پیاویش لەسێدارە دراون کە شووناسیان هەتا ئێستا بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرا نەبووە.

بەپشت بەستن بەو ئامارانەی کە لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، لەمانگی خەرمانانی ئەمساڵ سزای لەسێدارەدانی ٦ ژن لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە کە چوار حاڵەتیان لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کراوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی "‌هیرانا"(٥ حاڵەت)