ئاژانسی کوردپا: یەکێک لەچالاکانی یارسانیی کورد و ئەندامی کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی لە کرماشان، لەلایەن پۆلیسی ئەمنیەتی کرماشانەوە بانگهێشت و بەرەورووی لێپرسینەوە بوویەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمین عەباسی چالاکی کوردی یارسانیی خەڵکی کرماشان، پاش ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ئەمنیەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا، پەروەردەیەکی قەزاییشی بۆ ساز کرا.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمین عەباسی، لە ماوەی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا دوو جاری دیکە لە رێگەی تەلەفونەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییە کراوە و سەرئەنجام رۆژی ٢٧ی خەرمانان بۆ سێیەمین جار و بەشێوەی نووسراوە بانگهێشت و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە دەستبەسەریدا بووە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەو چالاکە یارسانییە لەلایەن پۆلیسی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە کرماشان، تۆمەتەکانی "بانگەشە بۆ تاقمی یارسانی" و "ئەندامەتی لە فەیسبووک"ی دراوەتە پاڵ.
ئەمین عەباسی، لەگەڵ ئەوەیکە رۆژی پێنجشەممەی حەفتەی رابردوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە، پەروەندەی قەزاییەکەشی بە مەبەستی دادگایی کردنی ناوبراو، بۆ دادگای ئینقلابی کرماشان نێردراوە.
هاووڵاتییانی یارسانی، سەرەڕای ئەوەیکە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێراندا بە فەرمی وەکوو کەمینەیەکی ئایینی نەناسراون، بەردەوام وەکوو "فیرقە(تاقم)" ناویان هاتووە و لە ماوەی سێ ساڵی رابردووشدا دەیان جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە ئێران سووکایەتییان پێکراوە.






