حەفتەی سێیەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی ژنێک لەشاری شنۆ و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە درێژکردنەوەی ماوەی راگیرانی غونچە قەوامی لە زیندان، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
ژنێک لەشاری شنۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لەدرێژەی رەوتی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە کوردستانی ئێران، ژنێکی دیکە لەشاری شنۆ سەر بە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان، ژنێک بەناوی حەلیم حوسێنی بە هۆی کێشەی دەروونییەوە دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەو ژنە، کە خەڵکی شاری شنۆ بووە، لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای هاوینەوە هەتا ئێستا ١١ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە ئەنجامی خۆکوژیدا گیانیان لەدەست داوە.
ئێــــــــــــــــران
غونچە قەوامی دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەستبەسەریدایە
یەکێک لە ژنانی دەستبەسەر کراوی رۆژی یاریی والیباڵی نێوان دوو تیمی نێوان وڵاتانی ئیران و ئیتالیا، دوای زیاتر لە ٧٠ رۆژ لە دەستبەسەر کران هێشتا لە دەستبەسەریدایە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، غونچە قەوامی کە رۆژی ٣٠ جۆزەردانی ئەمساڵ بە مەبەستی تەماشاکردنی یاری والیباڵی دوو تیمی ئێران و ئیتالیا لە بەردەم یاریگەی ١٢ هەزار کەسیی ئازادی کۆبووە، دەستبەسەر و لەوکاتەوە هەتا ئێستا لە زیندان راگیراوە.
غونچە قەوامی تەمەن ٢٥ ساڵ لەو ماوەیەدا ٤١ رۆژ لە ژووری تاکە کەسی بووە و لەماوەی رۆژانی رابردوودا بریاری دەستبەسەر گرتنی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکراوەتەوە.
ناوبراو ئیستا لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران راگیراوە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی "کلمە"( ١ حاڵەت)





