ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات ئەندامانی بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی شاری قوروەی بە مەبەستی رادەست کردنی کوڕە خوێندکارەکەیان خستووەتە ژێر زەخت و گوشارەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی مافی منداڵان و خوێندکاری زانکۆی باهونەر لە ئوستانی کرمان بەناوی "سەلاحەدین نادری، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری قوروەوە هەڕەشەی لێکراوە.

ئەو لاوە کوردە لە ئەنجامی بانگهێشت‌کرانی بەردەوامی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کرمان و تۆمەتبار کردن بە هەوڵدان بۆ رووخاندنی نیزام، بە ناچاری روی لە تاران و پاشان کوردستان کردەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو خویندکارە کوردە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی دۆخی خراپی سەلاح و بنەماڵەکەی، بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند: گەڕانەوەی ئەو خوێندکارە بۆ زێدی خۆی، کە شاری قوروەیە، نەبووەتە هۆکاری ئەوەیکە ناوەندە ئەمنییەکان وازی لێ بینن، بەڵکوو ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە، ناوبراوی بانگهێشت کردووە.

سەلاحەدین نادری، سەرنووسەر و بەرپرسی ماڵپەڕی "کودک نیوز"

ئەو سەرچاوەیە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسی لەوە کردووە، کە ئەو چالاکەی مافی منداڵان بەناچاری خۆی حەشار داوە و گوتیشی؛ مەئموورەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بنەماڵەی ئەو خوێندکارە کوردەیان خستووەتە ژێر فشارەوە، کە سەلاح هان بدەن کە شوێنی خۆ حەشاردانی ئاشکرا بکات و خۆی بە وەزارەتی ئیتلاعات بناسێنیت.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، سەلاح نادری لەماوەی یەکساڵی رابردوودا، هیچ چەشنە چالاکییەکی سیاسی و پێچەوانەی یاسای نەبووەو تەنیا بە شێوەی دڵخوازانە لە بیاڤی منداڵانی کار و منداڵانی بەجێماو لە خوێندن چالاکی هەبووە.

سەلاحەدین نادری، خوێندکاری کارناسی باڵایەو سەرنووسەری مانگنامەی "داهاتوو"، ئەندامی شۆرای ناوەندیی رێکخراوە خەڵکییەکانی "تەنین"، "سەرکەوت" و "ئەنجومەنی زانستی – فەرهەنگی زانکۆی پەیام‌نووری قوروە" بووە.