بەرموور: حەفتەی یەکەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە بانگهێشت کرانی چالاکێکی ژنان لە بۆکان و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی، کە بریتیە لە ناڕوون بوونی چارەنووسی زەهرا زێهتابچی و لەسێدارەدانی ژنێکی دیکە لە زیندانی زاهیدان، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

چالاکێکی ژن لە بۆکان بانگهێشتی ئیتلاعات و هەڕەشەی لێکرا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە چالاکانی ژنی شاری بۆکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.

نەسرین حوسێنی، چالاکی مه‌ده‌نی

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بۆکان بەناوی نەسرین حوسێنی، کە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرابوو، پاش خۆناساندن بەو ئیدارەیە لێپرسینەوەی لێکرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کە بەرپرسی کۆمەڵگەی کەمئەندامانی شاری بۆکانیشە، هاوڕێ لەگەڵ چەند چالاکی دیکەی ژن بەشدارییان لە کەمپەینی کۆکردنەویە یارمەتی بۆ شەنگاڵ کردبوو و هەر بۆیەش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا بەرپرسی ئیدارەی بێهزیستیی شاری بۆکان بەناوی نەسرین حوسێنی بانگهێشت و بە هۆی بەشداریکردنی لەو کەمپەینانەدا هەڕەشەی دوورخرانەوە لەکارەکەی لێکرابوو.

ئێــــــــــــران

زەهرا زێهتابچی دوای ١٠ مانگ هێشتا لە ژووری تاکەکەسی راگیراوە

یەکێک لە توێژەرانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران دوای ١٠ مانگ لەدەستبەسەرکرانی، هەتا ئێستا لە ژوورە تاکەکەسییەکان راگیراوە.

زەهرا زێهتابچی، کارناسی کۆمەڵناسی و توێژەری زانستە کۆمەڵایەتیەکان

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، زەهرا زێهتابچی تەمەن ٤٥ ساڵ، کە کارناسی کۆمەڵناسی و توێژەری زانستە کۆمەڵایەتیەکانە، زیاتر لە ١٠ مانگە لە ژوورە تاکەکەسییەکان راگیراوە و لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

یەکەمین خولی دادگایی کردنی ئەو ژنە کە دایکی دوو کچیشە، رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوە چوبوو.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە رێکەوتی ٢٤ی رەزبەری ساڵی رابردوو لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، کە لەوکاتەوە تا ئێستا لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا راگیراوە.

سەید جەواد خۆش‌نیەت هاوسەری زەهرا زێهتابچی دوای گیرانی ناوبراو، کە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکەی کردبوو، دەستبەسەر کرابوو، کە پاش ٢٢ رۆژ راگیران لەزیندان ئازاد کرابوو.

هەتا ئێستا ئەو تۆمەتەی کە خراوەتە پاڵ زەهرا زێهتابچی و هەروەها هۆکاری راگیرانی درێژماوەی ناوبراو لە ژوورە تاکەکەسییەکان، روون نییە.

ژنێکی دیکە لە زاهیدان لەسێدارە درا

لەماوەی حەفتەی رابردوودا سێ کەس لە زیندانی ناوەندی شاری زاهیدان لەسیدارە دران کە کەسێکیان ژن بووە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١ی خەرمانان، سزای سێدارەی ژنێک لەگەڵ دوو پیاو لە زیندانی ناوەندی شاری زاهیدان بەڕێوە چوو.

ئەو ژنە کە شووناسەکەی راگەیەندراووە، لەگەڵ دوو کەسی دیکە بەناوەکانی عەلی‌رەزا شەبەخش تەمەن ٢٤ ساڵ و نوروڵڵا براهووتی تەمەن ٣٦ ساڵ لەسێدارە دراوە.

رۆژی شەممە ١٨ ی گەلاوێژ، پێنج کەسی دیکە لەو زیندانە لەسێدارە درابوون کە کەسێکیان ژن بووە.

بەپشت بەستن بەو ئامارانەی کە لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە سزای سێدارەی ٩ ژن لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لەئێران (١ حاڵەت)