ئاژانسی كوردپا: ئاگركەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەكانی گیلانی رۆژئاوا، خەساری بەرچاوی ماڵی و ژینگەیی بە سروشتی كوردستان گەیاند.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٩ی گەلاوێژ زیاتر لە پێنج هێكتار لە دارستان و لەوەڕگەكانی باشووری رۆژهەڵاتی شارستانی گیلانی رۆژئاوا لەئوستانی كرماشان لەئاگردا سووتان و بوونە خەڵووز.
لەو ئاگركەوتنەوەیەدا نزیك بە ٢٠٠ میلیۆن ریاڵ خەسار وەبەر سەرچاوە سروشتییەكانی ئەو ناوچەیە كەتوە.
بەوتەی فەرمانداری گیلانی رۆژئاوا، ئەو دارستان و لێڕەوارانە تازە چاندرابوون و هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەشی نادیار لەقەڵەم داوە.
فەرامەرز ئەكبەری لەوتوووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر، باسی لەوەش كردووە: دوو ئاگركەوتنەوەی دیكە دوانیوەڕۆی پێنجشەممە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە لەوەڕگەكانی "میاندار" و " سەراوان"ی گیلانغەرب رووی داوە.
ئەو لێپرسراوە پێشتریش وتبووی: نزیك بە ٥٠% لە دار بەڕووەكانی ئەو شارستانە بە هۆی نەخۆشی "دارواش"ـەوە ویشك بوون.
گیلانغەرب لە ئوستانی كرماشانە و خاوەنی ١٧٥ هەزار هێكتار ناوچە سروشتیی و لەكۆی ئەو رێژەیە، زیاتر لە٧٥ هەزار هێكتاری لێڕەوارە.





