سەلاح نادری

٨.٨.٢٠١٤ ئەمڕۆ مەخموور لە لایەن چەکدارانی دا‌عشه‌وه‌ داگیر کرا، رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. لە جەلەولا بەرەو مەخموور بەڕێ دەکەوم، لە رێگادا هەواڵێکم پێدەگا، لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشمەرگە بەرەو مەخموور بۆ پشتیوانی لەهێزی پێشمه‌رگه‌و و پاراستنی خاکی کوردستان و شەڕ لە دژی داعش کەوتونەتە رێ، یەکگرتنێکی پێویست لە کاتی پێویستدا، ئەم یەکگرتنانە لە مێژووی کوردا، جار و بار دەبیندرێ...

سەلاح نادری، وێنەگری کورد

کاتژمێر ٩ی شەو لە هەولێر لەگەڵ هێزێکی پێشمەرگە بەرەو ناوچەی (گوێر)ی سەر بە شاری مەخموور کەوتمە رێ، هەموویان جل و بەرگی کوردی و یەک رەنگ و یەک دەستیان لەبەردابوو، لە بەرەی شەڕ نیزیک بووینەوە. ماشینەکان چراکانیان کوژاندەوە... بە ئارامی لە گوێی رێگا و لە ناو پەرێزێکدا دانیشیتن. کە ئێمە گەیشتینێ شەڕه‌که‌دەمێک بوو دەستی پێکردبوو. بە پێی رێنمایی بە سەر دوو دەستە دا دابەش دەبن، دەستەی یەکەم بۆ پاراستنی گوندێک رۆیشتن و ئەو دەستەیەی ئێمە لەگەڵیان بووین بە هێواشی بەرەو خەتی پێشەوە چوون، دەنگی رەقی دۆشکا بۆماوه‌یەک لە جێگای خۆتدا وشک رایدەگرتی، هه‌راو و هوریا و ده‌نگی دلێری ئەو پێشمەرگەکانەی شەڕیان دەکرد موژدەی سەرکەوتنی پێوه‌دیار بوو، تەقە بەردەوام بوو...

بوومەلیڵی بەیانی بوو، بە ریز بەناو پێشمەرگەکانی ئەو بەرەی شەڕدا بەرەو خاکڕیزێک وەڕێ کەوتن، وا دیار بوو یەکڕەنگی جل وبەرگەکانیان و بەریز رۆیشتنیان سەرنجی پێشمەرگەکانی ئەو بەرە لە شەڕه‌که‌یان بۆ لای خۆ راکێشابێ . ئەمانە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن. دەڵێن هاتووین بەرگری لە براکانمان لە هەرێمی کوردستان بکەین کە داعش هێرشی کردۆتە سەریان و لە هێندێک شوێنی کوردستان کۆمەڵکوژیان کردووە....

هەندێکیان بە سەرەنێزە، هەندێکی تریان بە پێمەرە سەنگەریان بۆ خۆیان چاک ده‌کرد، وردە وردە ئەو گوندەی دوێنێ شەو داعش وەکوو سەنگەر بەکاری هێنابوو دەرکەوت، خەبەر گەیشت کە وادیارە داعش چۆڵی کردووە. ئێستا یەکەمین تیشکەکانی خۆر هاتۆتە دەر و گه‌رم و گوڕی دەداتە دەوروبەر، دوای ئەوەی بە وردی گوندەکەیان هەڵسەنگاند داوا دەکەن کە بچنە ناو ئەو گوندە و بیپارێزن، داواکاریەکە دەبێ بەرز بکرێتەوە بۆ فەرماندەکان، چاوەڕوانی و گەرما هێرشی هێناوە... .

ئەم پێشمەرگانە کارێکی جوان و سەرنجراکێشیان کرد هەموو زبڵی ئەم خاکریزەیان کۆکردەوە، ئەوان ده‌ڵێن خاکێک که‌ ئێمە گیانی بۆ بەخت بکەین دەبێ پاک و خاوێن بێ. ئێستا داواکاریەکە قەبووڵ کراوە، ئەوان بەروخسار نیگەران، بەڵام لە ناوەوە پرجۆش و خرۆشن....

ئێستا ئەوان لە ناو گوندی شەمشولە دان سەرەتا ماڵەکان دەپشکنن، گوند چۆڵ بووە بێجگە لە بنەماڵەیەک کەسی تێدا نەماوە، پێشمەرگەکان دابەش دەبن ودەچنە شوێنە هه‌ستیار و ستراتیژه‌که‌کان .

پیاوێکی نێونجی لە باڵادا، لە سەرەخۆ و ئارام لە ئاخاوتندا، تاکوتەرا تاڵی سپی خۆی خزاندۆتە ناو قژییەوە یان بڵێم قژ ماش و برنجی، ناوی رحیم مەنگورییە فەرماندەی ئەوبەشە لە پێشمەرگەکانی دێمۆکراتە. ئەو بە من دەڵێ کە زۆربەی زۆری هێزەکەمان لاوه‌ و ئەوانەی دیکە پێشمەرگەی بە ته‌مه‌ن و به‌ئەزموونن.

ماڵەکان پڕن لە کەلوپەل ئەوان بە ئه‌مانه‌ته‌وه‌ هەڵسوکەوت لەگەڵ کەلوپەلەکان دەکەن، پێشمەرگاکان دەڵێن ئەوانە ئەمانەتن لە لای ئێمە هه‌تا ئەوکاتەی ئێمە لێرەین. ئێستا من لە پەلی فەرماندەریم، پەلی فەرماندەری ‌حاڵەتی نائاسایی لە گوند رادەگەیەنێ و ئەو خەڵکانەی لە گوندەکەدا ماون یان رێبوارن ئاگادار دەکاتەوە کە هاتوچۆ قەدەغەیە.

ئێستا مەجالێکم بۆ رەخساوە کە بەوردی لە روخساری پێشمەرگەکان ورد ببمەوە، لە روخسار دا ئارام لە ناوەوە بوورکان، هەست بە سەربەرزی دەکەن لەوەی کە لە پارچەیەکی تر کوردستان گیانی خۆیانیانن خستۆتە سەر لەپی دەستیان، ئەوان ناوی خۆیان بەخۆیانەوەیە... پێشمەرگە، واتا وەپێش مەرگ کەوتون.

باڵای بەرزە و دوور دەروانێ، قژی سەرتاپا سپی بوە، جامانەکەی بە شان وملیدا شۆڕەکردۆتەوە، چەک و رەختەکەی شکۆیەکی سەیری پێداوە، مەهدی تەوریوەری، ئەو بە من دەڵێ ئیشەڵڵا بۆ خۆمان لەودیو، له‌لای خۆمان دەست پێدەکەینەوە...
پەلی فەرماندەری رادەگەیەنێ بۆمبارانی هەوایی ئەو ناوچەیە دەکرێ بچنە ناو ماڵەکان، لە ژوورەوە ئامادە دانیشتووین، لە ناکاو لە دەرەوە بە لێشاو رەگبار دەکرێ، من پێموابوو کەوتوینەتە بەر هێرش، وتیان بچنە سەربان خۆمان گەیاندە سەربان دانیشتم و دوربینەکەم خستە سەر ڤیدیۆ، دەستەیەک پێشمەرگە لە پێش منەوە تەقەیان دەکرد، دەنگی رەقی چەک نایەڵێ بیر بکەمەوە تەنها چاوم لە پێشمەرگەکان بوو کە تەقیان دەکرد ئەوان وەکوو بورکان تەقیبوونەوە یەکیان بەپێوە تەقەی دەکرد ئەوی تریان بە تەکتیر قەناسە، یەکێکیتر بە کەڵاشینکۆف، لە به‌ره‌کانی دیکەوە دەنگی تەقە دەهات. بۆماوەیەک کات لە لای من راوەستابوو.

باڵا بەرز و باریکەڵە. بێباکانە هاتە ناو مەیدانی شەرەکەوە، ئەو فەرماندەی دەستەی ( ٢)ی پێشمەرگەکانی دێموکراتە، سەید عەزیز نیکجوویان لەگەل هاورێکەی ئەسعەد باریکە، ئەوان هاتبوون بۆ سەردانی دەستەی یەک (١) بە هەڵکەوت لە کاتی هاتنی ئەوان دا شەڕ روویدا، هەلومەرجەکەیان هەڵسەنگاند و لەگەڵ فەرماندەکان کۆبوونەوە.

ئێستا دەمەو ئێوارەیە، پێمان دەڵێن دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دواوە چوونکە فڕۆکە شەڕکەرەکان دەرەوەی سنووری هێڵی (٣٦)دەرەجە بۆمباران دەکەن و پێویستە بگەڕێنەوە، واته‌بکشیینه‌وه‌. بەهەمان شێوە بە ریز و بەدوای یەکدا دەگەرێنەوە دواوە، پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەگناسی و رێزلێنان بەریز راوەستابوون و دەستخۆشیان لە پێشمەرگەکانی دێمۆکرات دەکرد...

لەگەڵ دەستەی(٢) یەکیان گرتەوە، دەستەی( ٢)هەم چۆنیەتی کاری خۆیان بۆئێمە گێڕایەوە : دوێنێ شەو، دوای ئه‌وه‌ی لە یەکتر جیا بووینەوە ئێمە ئەرکی پاراستنی گوندی قادریە مان بەئەستۆ گرتبوو، دانیشتوانی گوندەکە لە ترسی چەکدارانی داعش ماڵ وحاڵیان بەجێ هێشتبوو، بەڵام بە دیتنی ئێمە چەند کەسێکیان هاتنەوە و تەلەفۆنیان بۆ خزم و کەس و دانیشتوانی گوندەکە دەکرد کە بگەرێنەوە، ئەوان بە تەلەفوون بە خەڵکەکەیان دەگووت کە گوندەکەمان لە لایەن پێشمەرگەی دێموکراتەوە پارێزراوە، بگەڕێنەوە...

پێشمەرگەکانی دەستەی (٢)دەیانگووت کە ئەوکەسانەی لە گوندەکە مابوونەوە خواردن و ئاویان بۆ دێنان و به‌حزووری ئێمه‌وره‌یان به‌رز ببووه‌وه‌و زۆر خۆشحاڵ بوون.

خۆر بەرەو ئاوا بوون دەچێ، هەر دوو دەستەی پێشمەرگەکانی ‌حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کۆ دەبنەوە. کاوە بەهرامی ئەندامی ستادی عەمەلیاتی شەڕ لە دژی داعش لە سەر سەکۆیەک راوەستاوە و سوپاسی پێشمەرگەکان دەکات بۆ بەشداریان و رایدەگەیەنێ کە ئەوان لە سەر داوا ی‌حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوون که‌ شانبەشانی پێشمەرگەکانی هه‌رێم بۆ پاراستنی ئەم پارچەیەی کوردستان لە دەستی داعش شەڕبکه‌ن، هەر لەسەر داوای حکومەتی هەرێمیش جارێ هێزەکانمان دەکشێنینەوە بۆ دواوه‌، لە بەرئەوەی پلانی بۆمباران کردنی ئەو ناوچانه‌هەیە.

لە پشت ئەم هێزەی پێشمەرگەکانی ‌حیزبی دێموکراتەوە ستادێک هەبوو بە ناوی ستادی عەمەلیاتی تایبەت بە شەڕ لە دژی داعش....
ئەمرۆ هەینی بوو رۆژی پشوو بوو، بەڵام لە شەڕدا تەعتیلی و پشوو مانایەکی نییە، لە شەڕدا لە نێوان مەرگ و ژیان زۆر شت مانای خۆی لە دەست دەدات.

دەوڵەتی ئێسلامی لە عراق و شام (داعش) لە شەنگال کارەساتی مرۆڤی خولقاندوە. رووداوه‌کان، سات و کات پێکه‌وه‌گرێ دراون،شه‌و و رۆژ چنگیان له‌بینی یه‌کتر ناوه‌... بەروە زێدی کوردە ئیزەدییەکان وەڕێ دەکەوم، به‌رهو‌شه‌نگال...

بێرەوەریی سەلاح نادری وێنەگری کورد لە بەرەکانی شەڕی ناوچەی گوێر - مەخموور، کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ناردووە.