بەرموور: حەفتەی چوارەمی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە دەستبەسەر کران و راگواستنی دوو ژنی مەسیحی بۆ زیندانی مەهاباد و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە ناڕوون بوونی چارەنووسی یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی ٣٠ی جۆزەردان، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
زەینەب بابایی بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا
زەینەب بابایی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد کە ماوەیەک بەر لە ئێستا لەگەڵ یەکێک لەهاوڕێیانی بە ٢ ساڵ زیندان مەحکوم کرابوو، دوو حەفتە بەر لەئێستا دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، هاوڵاتییەکی ژنی پەیڕەوی ئایینی مەسیحی بە ناوی زەینەب بابایی، کە دوو حەوتوو لەمەو پێش هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی "عەتا بابایی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری مەهاباد دەستبەسەر کرابوون، رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە گوازراونەتەوە.
زەینەب بابایی لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەی بەتۆمەتی " هەوڵدان دژی نیزام" و "بانگەشە بۆ ئایینی مەسیحی" دەستبەسەر و بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری کرابوون.
ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە، کە پێشتر بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرابوون، حوکمەکەیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوە پشتڕاست کرابوویەوە.
زەینەب بابایی، هەتا ئێستا سێ رۆمانی بەناوەکانی "نازی، ئەشکەوتی گەوهەر و هێڵی کۆتایی و هەروەها چەند کورتە چیرۆکیشی بە شێوەی کۆمەڵە چیرۆک، بە زمانی فارسی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.
ئێــــــــــران
دوای دوو مانگ چارەنووسی یەکێک لەناڕازییانی بەردەم یاریگەی ئازادی ناروونە
دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو مانگ، یەکێک لەو ژنانەی کە لەرەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەنیسبەت ئیزن نەدان بە چووننە یاریگە بۆ دیتنی یاری واڵیباڵی ئێران، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لەدەستبەسەریدایە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ژنان و کچانی ئێرانی لە رێکەوتی ٣٠ی جۆزەرداندا، کە بەمەبستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئیزن نەدانیان بۆ چوونە ناو یاریگە لە ەبرانبەر دەرگای یاریگەی ئازادی ئەنجامدرابوو، بەهۆی دەستێوەردانی پۆلیس و هێزە ئینتزامییەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و لەئاکامدا ١٥ ژنی ناڕازی دەستبەسەر کران.
ئەو ژنانەی کە دەستبەسەر کرابوون رەوانەی دەستبەسەرگە کران و زۆربەیان هەمان رۆژ و بە دانی بەڵێننامە و وێنەگرتنیان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، ئازاد کران.
بەڵام یەکێک لەدەستبەسەر کراوەکان بەناوی " غ . ق" دوای دوو مانگ لە دەستبەسەر کران هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە دەستبەسەریدایە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ١ حاڵەت)





