بەرموور: حەفتەی سێیەمی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان، کە دەستبەسەرکردنی دوو ژنی بەهایی لەمەهاباد و خۆکوژی ژنێکی گەنج لە سەردەشت و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەر ژنێکی بەهایی لەشیراز و لەسێدارەدانی ژێکی دیکە لە زیندانی زاهیدان، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

دەستبەسەرکرانی دوو ژنی مەسیحی لە مەهاباد

لەماوەی حەفتەی رابردوودا دوو ژنی مەسیحی لەشاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،هاوڵاتییەکی ژنی پەیرەوی ئایینی مەسیحی بە نازناوی "بابایی"، کە دوو حەوتوو لەمەو پێش هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی "عەتا بابایی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەشاری مەهاباد دەستبەسەر کرابوون، رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە گوازراونەتەوە.

ئەو دوو هاوڵاتییە بەهاییە بەتۆمەتی " هەوڵدان دژی نیزام" و " پڕوپاگاندە بۆ ئایینی مەسیحی" دەستبەسەر کراون.

یەکێکی دیکە لە هاوڕێانی خانمی بابایی کە شووناسی نەزانراوە، ماوەیەک بەر لەئێستا دەستبەسەر کرابوو، کە هەردوویان ئێستا لە بەندی نسوانی زیندانی ناوەندیی مەهاباد راگیراون.

ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە پێشتر بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرابوون و حوکمەکەشیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوە پشتڕاست کرابوویەوە.

خۆکووژیی ژنێکی سەردەشتی

ژنێکی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت دوای ئەوەی کە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بەناوی " ش . م" دانیشتویو گوندی بێورانی سەردەشت، کە ماوەیەک بەرلە ئێستا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، رۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژ، گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە گەنجە بە هۆی کێشەی خێزانی و لەرێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٤ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەوڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئێـــــــــــــران

دەستبەسەر کردنی هاوڵاتییەکی بەهایی لە شیراز

لەماوەی حەفتەی رابردوودا ٤ هاوڵاتی بەهایی لەشاری شیراز دەستبەسەر کران کە یەکێکیان هاوڵاتییەکی ژن بوو.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ هاوڵاتییەکی ژنی بەهایی بەناوی بەهیە مەعنەوی‌پوور هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەناوەکانی ئەدیب حەق پەژوو، سەعید عابدی و وەحید دانا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەشاری شیراز دەستبەسەر کران.

ئەو ٤ هاوڵاتییە، دوای دەستبەسەر کرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و هەواڵێکی ورد لە سەر چارەنووسیان و هەروەها شوێنی راگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو چوار هاوڵاتییە روون نەبووەتەوە.

لەسێدارەدانی دایکێک لە گەڵ کورەکەی لەزاهیدان

لەماوەی حەفتەی رابردوودا سزای سێدارەی ٥ هاووڵاتی لەزیندانی ناوەندی شاری زاهیدان جێبەجێ کرا، کە دایکێک و کوڕێک لەنێو لەسێدارەدراواندا بوون.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، سزای سێدارەی ٥ هاووڵاتی لە زیندانی ناوەندی شاری زاهیدان بەڕێوە چووە.

ژنێک کە شووناسەکەی نەزانراوە لەگەڵ منداڵە تەمەن ١٧ ساڵەکەی لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە لەسێدارە دراون.

ئەو ٥ کەسە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای لە سێدارە درانیان بۆ بڕابوویەوەو حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.

بەپشت بەستن بەو ئامارانەی کە لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە سزای سێدارەی ٩ ژن لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لەئێران (١ حاڵەت)