بەرموور: حەفتەی دووەمی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە ناڕوونیی چارەنووسی دوو کچە کوردی دەستبەسەر کراو لە بۆکان و ماکۆ و هەروەها ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەر کردنی ژنێک و گواستنەوەی دوو ژنی بەهایی دانیشتووی مەشهەد بۆ بەندی قەرەنتینە، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
دایکی ئەفسانە بایزیدی لەپێش ئیدارەی ئعیتلاعاتی بۆکان مانی گرت
لەماوەی حەفتەی رابردوودا و دوای یەک مانگ لە ناڕوونی دۆخی ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری کورد، دایکی ئەو کچە خوێندکارە لەبەر دەم ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دەستی دایە مانگرتن.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی حەفتەی رابردوودا ئامینە دهرویشی، بەمەبستی ئاگاداربوون لە دۆخی کچەکەی لەبەرانبەر ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دەستی دایە مانگرتن.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو دایکە تەمەن ٦٥ ساڵە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بێ رێزی پێکراوە.
ئەفسانە بایزیدی، رۆژی ٥ی پووشپەڕ لەلایەن "خاهەرانی زەینەبە"وە لە زانکۆی مەراغە سووکایەتی پێکرابوو، کە ئەمە ببووە هۆی ئەوەیکە لەگەڵ ئەو کەسانە بە کێشە بێت و لە ئەنجامدا پاش گەڕانەوە بۆ شاری بۆکان، ئێوارەی هەمان رۆژ لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بێسەروشوێن کرا.
ئەو کچە خوێندکارە کوردە، رێکەوتی ٢٥ی خەزەلوەری ساڵی رابردووش دەستبەسەر کراو و دواتر بە دانانی ١٠٠ ملوێن بارمتە لە زیندان ئازاد کراو سەرئەنجام رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا، کە دواتریش بۆ درێژەدان بە خوێندن بۆ زانکۆی مەراغە دوور خرایەوە.
گوڵناز خۆشئاهەنگگوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی
دوای دوو مانگ لەدەستبەسەر کرانی کچە کوردێکی خەڵکی ماکۆ و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ورمێ، ئێستا گوازراوەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو زیندانە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، گوڵناز خوشئاهەنگ کە دومانگ بەر لەئێستا هاوڕێ لە گەڵ پێنج هاوڵاتیی دیکەی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ماکۆوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ورمێ گوازرابووێەوە، ئێستا بۆ ژووری تاکەکەسی بەندی نەستوانی ئەو زیندانە گوازراوەتەوە.
(رەزا ئەیوبی، مستەفا سەبزی، ئیسماعیل ئەختەری و عەبدوڵڵا و ناسر بەدەوی) ئەو کەسانەی بوون کە لەگەڵ گوڵناز خوشئاهەنگ دەستبەسەر کرابوون.
ئێــــــــــــران
دەستبەسەر کردنی چالاکێکی سایبری لەمەشهەد
لەماوەی حەفتەی رابردوودا ٧ هاووڵاتی، کە کەسێکیان ژن بوو، بە هۆی چالاکیی سایبرییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لەشاری مەشهەد دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، "زەهرا کەعبی" هاوڕێ لەگەڵ ٦ کەسی دیکە بەناوەکانی "حەمید حیکمەتی"، " ئیسماعیل ئیزەدی"، "عەلی چینی ساز"، " فەرید سارمی"، "فەرجاد ساڵحی" و کەسێکی دیکە کە شووناسی نەزانراوە، لە ناوەندی فەرهەنگی هونەریی "خاک" و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری مەشهەدەوە دەستبەسەر کراون.
هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی راگیرانی ئەو ٧ چالاکە سایبیرییە بڵاو نەکراوەتەوە.
سێ هاوڵاتیی بەهایی گوازرانەوە بۆ قەرەنتینە
لەماوەی حەفتەی سێ هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی شاری مەشهەد کە دوو کەسیان ژن بوون، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بۆ قەرەنتینە گوازرانەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دوەری ئەمری، مەی خلووسی و شایان تەفەزولی دوای دوو مانگ لە دەستبەسەر کران و راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد، بۆ قەرەنتینەی زیندانی وەکیلئابادی ئەو شارە گوازراونەتەوە.
ئەو سێ هاوڵاتییە بەیهاییە رۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەدەوە دەستبەسەر کرابوون.
ئەو هاوڵاتییانە دوابەدوای کۆبوونەوەیەکی مەزهەبی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و دواتر لەلایەن ئەو هێزانەوە ماڵەکانیان پشکێندراو دەست بەسەر لاپتۆپ و کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیشیاندا گیرا.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هەواڵنێرانی بێسنوور (١ حاڵەت)





