بەرموور: حەفتەی پێنجەمی مانگی پووشپەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان، دەستبەسەکردنی کچە کوردێک لە ماکۆ، خۆکوژیی ژنێکی گەنج لە ئیلام و کوژرانی ژنێکی دیکە بەدەستی باوکی لە کرماشان و هەروەها لەسەر کار لابران و دوورخرانەوەی دوو کچە کورد لەسەر کارەکانیان و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و دەستبەسەرکردنی ٤ هاووڵاتیی پەیڕەوەی ئایینی بەهایی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــان
دوو چالاکی کورد لەسەر کارەکانیان وەلا نران و دوور خرانەوە
لەماوەی حەفتەی رابردوودا و لەدرێژەی گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بۆ سەر چالاکانی کوردی سوننە مەزهەب، دوو کارمەندی ژن لەگەڵ حوکمی دوورخرانەوە و دەرکردن لەسەر کار بەرەورو بوونەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوودا ئەسما چشمە کەبوودی یەکێک لەئەندامانی مەکتەبی قورئان و مامۆستای بیرکاری لە قوتابخانە کچانەکانی شاری کامیاران، بۆ ماوەی ٣ ساڵ بۆ ئوستانی یەزد دوور خرایەوە.
ئەو مامۆستا کوردە، تۆمەتی "هاندانی قوتابییان و مامۆستایان بۆ دووبەرەکی نانەوەو بڵاوکردنەوەی بڵاڤۆکی گروپە نایاساییەکان، ئەندامەتی و چالاکی بۆ مەکتەب قورئان، دژایەتی لەگەڵ بۆنە ئایینیەکان و دروست کردنی ئاستەنگ بۆ بەرنامە پەروەردەییەکانی قوتابخانەی "فاتیمەی زەهرا"ی دراوەتە پاڵ.
لەلایەکی دیکەوە، ئەسرا گویلی کچی محەمەد رەحیم، کە پێروسنێلی نەخۆشخانەی "تامین اجتماعی"ی شاری سنە بوو، بە بڕیاری لێژنەی ناوەندی "گزینش"ی ناوچەی ٢ی هەمەدان لەسەر کار دەرکرا.
ئەو ژنە پەرستارەی خەڵکی کامیاران، ماوەی ٣ ساڵ بوو لە نەخۆشخانەی "تامین اجتماعی"ی کامیاران پەرستار بوو، کە بەهۆی ئەندامەتی لە مەکتەب قورئان، بەرەوڕووی دەرکران بۆتەوە.
دەستبەسەرکرانی کچە کوردێک لە شاری ماکۆ
سەرەتای ئەم مانگە کچێکی کورد هاوڕێ لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لەشاری ماکۆی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرەتای مانگی پووشپەڕ چوار هاوڵاتی کورد کە یەکێکیان بە ناوی "قیمەت"، کە کچ بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ماکۆوە دەستبەسەر کراون.
شووناسی دووکەس لەو کەسانەی کە دەسبەسەر کراون مستەفا سەبزی و سمایل ئەختەری راگەیەندراوە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەو دوو کەسە لەگەڵ "قیمەت" بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گوازراونەتەوە.
ژنێکی کرماشانی لە ئیلام ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لەدرێژەی رەوتی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە کوردستانی ئێران، ژنێکی گەنج لەشاری ئیلام هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ بەناوی مریەم، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ئیلام، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و دوای رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی قووڵیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.
هەتا ئێستا هۆکار یان هۆکارەکانی خۆکوژیی ئەو ژنە روون نەبووەتەوە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٤ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەواڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
کرماشان؛ باوکێک کچە ١٩ ساڵانەکەی خۆی کوشت
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵ لەشاری کرماشان بەدەستی باوکی و بە چەکی راو گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەو ژنە تەمەن ١٩ ساڵەیە، کە ناوی حەدی یاسەمی نژاد بووە، دایکی منداڵێک بووە و لە تەمەنی ١٣ ساڵاندا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کە بە دەستی باوکی بەناوی عەلی محەمەد و لە ماڵەکەی خۆیدا بە هۆی چەکی راو کوژراوە.
ئەو ژنە گەنجە بڕیاری دابوو کە لە میردەکەی جیا بێتەوە (تەڵاق وەربگرێت).
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی جۆزەردانەوە هەتا ئێستا ٦ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە دەستی خزم و کەس و کاری نزیکی خۆیان کوژراون.
ئێـــران
چوار هاووڵاتیی بەهایی لە تەورێز دەستبەسەر کران
لەماوەی حەفتەی رابردوودا چوار ژنی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لەشاری تەورێز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ٢٢ی پووشپەڕ، ژنێکی پەێڕەوی ئایینی بەهایی بەناوی "سیمین رەسوڵی" لەگەڵ دوو کچی خۆی بەناوەکانی "سەحەر و نەسیم بەهادۆری" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەشاری تەورێز دەستبەسەر کران.
هەروەها باوکی ئەو بنەماڵەیە "فەرزاد بەهادۆری" لەو هەڵمەتەی هێزە ئەمنییەکاندا دەستبەسەر کراوە.
ئەو هاوڵاتییانە بە تاوانی بەهایی بوون و بەڕێوە بردنی خولی پەروەردەیی مۆسیقایی دەستبەسەر کراون و لەکاتی دەستبەسەر کرانیاندا هەموو کتێب و ئامێرە مۆسیقاییەکانی ناو ماڵەکەیان دەستی بەسەردا گیراوە.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ، شەونم عیساخانی یەکێکی دیکە لەهاووڵاتییانی بەهایی دانیشتووی شاری تەورێز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
لەکاتی دەستبەسەر کرانی دەستبەسەر هەموو شتومەکە تاکەکەسییەکانی و تەنانەت دەزگای رسیڤێر (ماهوارە)ی ناوو خانووەکەشیدا گیراوە و زەوت کراون.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٤ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی "ایران وایر" (٣ حاڵەت)





