ئاژانسی كوردپا: حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای رەخنە لەسیاسەتەكانی حکوومەتی بەغدا و هەروەها دۆخی خراپ و ناجێگیری عێراق، بڕیاری یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی لەرێگەی رێفراندۆمەوە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، داوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پرسی رێفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆتە پرسێكی گشتگیر و بەوتەی كەسایەتییەكی سیاسیی كوردستانی ئێران، بەڕێوەبردنی رێفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی لەهەر وڵاتێكدا، بەستراوەتە بە یەكڕیزی و یەکهەڵوێستیی حیزب و دانیشتوانی ئەو شوێنە.
رێفراندۆم یەكێك لەبنەمای مافە سەرەتاییەکانە و هەروەها لە ئەدەبیاتی زانستی سیاسی، دێمۆكراسی و سیستەمی دەسەڵاتی خەڵكییدا بە چەمکێکی گرینگ دێتە ئەژمار. وشەی رێفراندۆم (referendum) بە واتای گەڕانەوە و پشت بەستن بە دەنگی گشتیی هاووڵاتییان بۆ دیاری كردنی شێوازی نیزام، تەئیدی یاسای بنەڕەتی و هەروەها سەربەخۆیی وڵات.
بەپێی ئەو بنەمایانەی سەرەوە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەر لەپارڵەمانی كوردستان پرسی رێفراندۆمی ( ناوچە كێشە لەسەرەكان، سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان) هێنایە بەر باس و مكانیزمی بەڕێوەبردنی ئەو پرسەی خستە ئەستۆی نوێنەرانی خەڵكی هەرێم لەپارڵەمان.
لەو نێوەدا حیزبە سیاسی و كەسایەتییە فەرهەنگییەكانی كوردستانی ئێران پشتیوانی خۆیان لە بەڕێوەبردنی رێفراندۆم و لە ئەنجامدا سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و لەهەمان كاتیشدا نیگەرانیی خۆیان لە زیانە بەرایی و كورت خایەنەكانی ئەو پرسە نەشاردۆتەوە.
كوردستانی ئێران و پشتیوانی لەهەرێمی كوردستان- (عێراق)

بەهمەن قوبادی سینەماكاری ناسراوی كورد هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و گوتوویەتی: " بەبڕوای من هەرێمی كوردستانی عێراق دەبێت سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت و ببێتە شوێنێك بۆ ئەو كوردانەی كە لەوڵاتی خۆیان و لەملاو و ئەولا جێگە و رێگایەكیان نییە و هەرێمی كوردستانی سەربەخۆ، ئەوان وەكوو جاران لە ئامێز بگرێت و ببێتە نیشتمانی سەرەكیی ئەم خەڵكە بێ پەنایە".
قوبادی لەوتووێژ لەگەڵ دەزگا راگەیەنەكانی وڵاتی ئیتالیا ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەنووكە باشترین دەرفەت بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانە و ئەو هەرێمە ئاوات و هیوای كوردانی هەر چوار بەشی كوردستانە.
ئەو سینەماكارە كوردە، كە بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "سپۆلێتۆ" Spoleto سەردانی وڵاتی ئیتالیای كردووەو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كە چەندین ئاژانسی هەواڵدەریی پڕۆفیشناڵی وەكوو: رۆژنامەی "كۆریێر دێلاسێرا" CORRIERE DELLA SERA، "لێ رێپۆبلیكا" LA REPUBBLICA و ئاژانسی هەواڵی "ئانسا" ANSA حوزووریان هەبووە گوتوویەتی: هیوام وایە وەكوو سینەماكارێكی كورد لە دونیادا پێناسە بكرێم و ئەگەر هەر فێستیڤاڵ یان ناوەندێكی هونەریی كە لە دنیادا بانگهێشتم دەكات، پێم باشە وەكوو سینەماكارێكی ئێرانی ناوم نەهێنن.
لەلایەكی دیكەوە حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە شێوەی فەرمی پشتیوانیی خۆیان لەسەربەخۆیی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە.

مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات لە رێوڕەسمی ٢٥ـەمین ساڵیادی تیرۆركرانی دكتور عەبدوڵرەحمان قاسملوودا گوتوویەتی: " ئێمە بە تەواوەی هێزەو پشتیوانی خۆمان لە پرسی رێفراندۆم لەهەرێمی كوردستان دەردەبڕین و وتوویەتی: لەمێژ ساڵە ئەو پرسە بۆتە خولیا و هیوای حیزبی دێمۆكرات و خەڵكی كوردستانی ئێران".
ماڵپەڕی كوردستان میدیا زمانحاڵی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەزاری هیجرییەوە بڵاوی كردۆتەوە، هەر چەندە سەربەخۆیی كوردستانی باشوور پیرۆز و جێگەی خۆشحاڵییە، لەهەمان كاتیشدا دوو خاڵ بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی زۆر گرینگن."
سكرتێری ئەو حیزبە، یەكڕیزی و یەکهەڵویستیی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها پشوودرێژی و خۆراگری خەڵكی لەهەمبەر كێشە و ئاریشە كورت خایەنەكانی بە دوو هۆكار و پشتیوانی سەرەكیی سەربەخۆیی لەو هەرێمەدا راگەیاندووە و ئەوەشی خستۆتەڕوو، كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەهەوڵی ئاژاوە نانەوە لەنێو پێكهاتەكانی عێراق و لەمپەر خستنە بەردەم بەڕێوەچوونی رێفراندۆمی هەرێمی كوردستاندایە.

هەر لەو پێوەندییەدا عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتیری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانیش، وێڕای پشتیوانی لە رێفراندۆمی هەرێمی كوردستان وتوویەتی: خەڵكی كوردستان زۆر بە باشی بەرەوپیری رێفراندۆمەو دەچن.
موهتەدی لەو باوەڕەدایە، ئەو رێفراندۆمە كارێگەری لەسەر خەڵكی كوردستانی ئێرانیش دەبێو چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە خەڵكی كوردستانی ئێران بە ورە و زەیەكی دیكەوە بە دواداچوون بۆ مافەكانیان بكەن.
سكرتێری كۆمەڵە، هەڵوێستی خەڵكی كوردستانی ئێران لە هەڵویستی حكوومەتی ئێران جیا دەكاتەوە و دەڵێت، "كۆماری ئیسلامیی سیاسەتێكی هەڵە و نادروستی لەهەمبەر كوردستاندا گرتۆتە بەر و پشتیوانی لە سیاسەتە بێبنەما و كێشە خوڵقێنەكانی مالكیی دەكات".





