بەرموور: حەفتەی سێیەمی مانگی پووشپەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان، خۆکوژیی ژنێکی گەنج لە شاری خۆی و ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە سەپاندنی حوکمی زیندان بە سەر ٥ هاووڵاتی پەێرەوی ئایینی بەهایی لە ورمێ‌ و لەشوێنەکانی دیکەی ئێرانە، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی ژنێکی گەنج لە شاری خوی

لەماوەی حەفتەی رابردوودا دوو ژن لە شارەکانی (روانسەر) و (سەلاسی باوەجانی) سەر بە ئوستانی کرماشان، دەستیان دایە خۆکوژی و گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێک بە ناوی " ه . خ" خەڵکی گوندی "قاشقا بڵاخ"ی شاری خۆی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، هەوڵی خۆکوژی داو کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە گەنجە کە دایکی دو منداڵیشە، بەهۆی کێشەی خێزانی و کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی، ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و لەئاکامدا بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی.

ناوبراو پێشتریش هەڕەشەی خۆسووتاندنی کردبوو.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٣ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئێـــــــــــران

١٦٢ مانگ زیندان بۆ ٥ هاوڵاتی بەهایی بڕایەوە

لەماوەی رۆژانی رابردوودا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ سزای زیندان بۆ ٥ هاووڵاتی بەهایی بڕدرایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ٥ هاووڵاتی بەهایی بە تۆمەتی پروپاگەندە دژی نیزام و کۆبوونەوەی نایاسایی لە رێگەی ئەندامەتی لە گرووپە بەهاییەکان، سەرجەم بە ١٦٢ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکوم کردووە.

بەپێی ئەو حوکمە، هەر یەک لە فەرەحناز موقەدەم و گیسو شێخ‌ئابادی بە ٦ ساڵ زیندان و نووشین میساقی، نیدا فورسەتی‌پوور و سوهەیلا ئەقدەسی هەرکامەیان بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری حوکم دراون.

تاوانی فرەحناز موقەدەم و گیسو شێخ‌ئابادی چالاکیی تەبلیغی بۆ ئایینی بەهایی و پڕوپاگەندە دژی نیزام لەرێگەی بەڕێوەبردنی خولی پڕوپاگەندە بۆ ئەو ئایینە لە ماڵەکانی خۆیاندا و راکێشانی موسڵمانانی کەم تەمەن، راگەیەندراوە.

کەمتر لە دوو حەفتە مۆڵەت دراوە بەو ٥ هاوڵاتییە بەهاییە کەلە دادگای پێداچوونەوەدا، ناڕەزایەتی بە حوکمەکەی دەرببڕێت.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ( ٥ حاڵەت)