ئاژانسی كوردپا: چالاكانی فەرهەنگی ـ ئەدەبیی شارستانی پاوە، رێوڕەسمێكیان بە مەبەستی یادكردنەوە لە شاعیری ناوداری كورد " مامۆستا پیرە مێرد" بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەنجومەنی ئەدەبی " هەرمان" بەرنامەیەكی تایبەت بە ئاشنایی زیاتر لەگەڵ بەرهەمەكانی پیرەمێرد و بەرزراگرتنی ئەو كەسایەتییە ساز كرد.

لەو كۆڕە ئەدەبییەدا، ئاسەواری ئەو شاعیرە ناودارەی كوردستان تاوتوێ‌كراوە و ئەندامانی ئەنجومەنی هەرمان لەمەڕ رووداوەكانی سەردەمی عوسمانییەكان و چالاكی سیاسی و ئەدەبیی پیرەمێرد چەندین لێكۆڵینەوە و بابەتیان پێشكەش كردووە.

كۆبوونەوەكە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١١‌ی پووشپەڕ وێڕای گرینكی دان بە كۆڕی لەم چەشنە و هەروەها رۆڵی شاعیران و نووسەرانی هاوچەرخ دەستی پێكرد.

نادر نەقشبەندی باسی لە هەستی نیشتمان پەروەریی پیرەمێرد و روانگەی ناوبراو سەبارەت بە رۆڵی ژنان لەبەرەوپێشبردنی نیشتمانی دایكایەتیان، كرد.

خوێندنەوەی شێعرەكانی پیرەمێرد لەلایەن خاتوو گیوەچی و مەحموودی و هەروەها ئاغای فەرەجوڵڵاهیەوە، بڕگەیەكی دیكەی ئەو رێوڕەسمە بوو.

لەلایەكی دیكەوە كەیهان عەزیزی، نێعمەت رەحمانی و محەممەد رەشید ئەمینی چەند وتەیەكیان لەسەر كەسایەتی پیرەمێرد پێشكەش كردووە و هەروەها لەو كۆڕەدا یادێكیش لە سائێب تەورێزی شاعیری فارس زمان كراوەتەوە.

تۆفیق مەحموود ئاغا ناسراو بە پیرەمێرد ساڵی ١٨٧٦‌ی زایینی لەشاری سلێمانی لەدایك بووە و ساڵی ٧٤ ساڵ دواتر لەزێدی خۆی ماڵاوایی لەژیان كردووە.

پیرەمێرد بێجگە لە نووسین و وتنی شێعر، كاری رۆژنامەنووسیشی كردووە و ساڵی ١٩٣٤ سەرنووسەری رۆژنامەی ژیان بووە.

شێعر نەرۆز (ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە) كە لەنێوان كوردەكاندا گرینگیەكی تایبەتی هەیە لەبەرهەمەكانی پیرەمێردە.

وێنە: ئەنجومەنی ئەدەبی هەرمان